سوپای پاسداران: فڕۆکەیەکی ئەمریکیمان لە باشووری ئەسفەهان خستە خوارەوە
رووداو دیجیتاڵ
پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، هێزەکانیان توانیویانە فڕۆکەیەکی ئەمریکی تێکبشکێنن کە لە ئاسمانی ئەسفەهان بەدوای فڕۆکەوانێکی بێسەروشوێندا دەگەڕا، بەڵام سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، فڕۆکەوانەکەیان رزگار کردووە، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێک بە سەربازەکانیان بگات.
رۆژی یەکشەممە، 5ـی نیسانی 2026، پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران رایگەیاند: "بە فەزڵی خودا، ئەو فڕۆکەیەی دوژمنی ئەمریکی کە بەدوای فڕۆکەوانی ئەو فڕۆکە جەنگییەدا دەگەڕا کە پێشتر خرابووە خوارەوە، لە ناوچەی باشووری ئەسفەهان لەلایەن جەنگاوەرانی ئیسلامەوە تێکشکێنرا."
سوپای پاسداران ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەو فڕۆکەیە لە کاتی ئەرکی گەڕان بەدوای تیمی فڕۆکەوانییە ئەمریکییەکەدا لە ناوچەکە بینراوە و دواتر کراوەتە ئامانج.
میدیاکانی ئێران دوو وێنەیان لەگەڵ راگەیێندراوەکەی سوپای پاسداران لە یەک شوێند بڵاوکردووەتەوە، لە وێنەی یەکەمدا فڕۆکەیەک کەوتووەتە خوارەوە، لە وێنەی دووەمیش دووکەڵ لە شوێنەکە بەرز دەبێتەوە.
تاوەکو ئێستا لایەنی ئەمریکی هیچ زانیارییەکی فەرمیی لەسەر تێکشکانی فڕۆکەیەکی دیکەی لەو ناوچەیە بڵاونەکردووەتەوە.
بەر لە راگەیێندراوەکەی سوپای پاسداران، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی توانیویانە لە ئۆپەراسیۆنێکی "بێوێنە و بوێرانەدا" دووەم ئەفسەری تیمی فڕۆکە جەنگییە تێکشکاوەکە لەنێو خاکی ئێران ڕزگار بکەن.
دۆناڵد ترەمپ لە پەیامێکدا کە لە هەژماری فەرمیی خۆی بڵاویکردووەتەوە، بە دەستەواژەی "دۆزیمانەوە!" دەستپێدەکات دەڵێت: "لە چەند کاژێری رابردوودا، سوپای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا یەکێک لە بوێرترین ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان و رزگارکردنی لە مێژووی وڵاتەکەدا کرد، بۆ هێنانەوەی یەکێک لە ئەفسەرە بەڕێزەکانمان کە پلەکەی کۆلۆنێلە."
سەرۆکی ئەمریکا وردەکاریی زیاتری ئاشکرا کردووە و دەڵێت: "بە فەرمانی من، سوپای ئەمریکا دەیان فڕۆکەی جەنگیی بە کوشندەترین چەکی جیهانەوە رەوانە کرد بۆ هێنانەوەی. ئەو ئەفسەرە هەندێک برینداریی هەیە، بەڵام ئێستا سەلامەت و تەندروستە.
ئەمە دووەم فڕۆکەوانە کە لەنێو خاکی ئێراندا رزگار بکرێت. ترەمپ ئاشکرای کرد کە دوێنێش فڕۆکەوانێکی دیکەیان رزگار کردووە، بەڵام بۆ ئەوەی مەترسی نەخەنە سەر ئۆپەراسیۆنی دووەم، هەواڵەکەیان بە فەرمی رانەگەیاندبوو.