دەنگی تەقینەوە لە تاران و شارەکانی دیکەی ئێران بیسترا
رووداو - دیجیتاڵ
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، زنجیرەیەک تەقینەوەی بەهێز تاران، قوم، شیراز و چەند شارێکی دیکەی ئێرانیان هەژاند، هاوکات دەنگی فڕۆکەی جەنگی لە ئاسمانی زۆربەی ناوچەکانی ئێران بیستراوە، لە هەندێک شوێنیش سیستمی بەرگریی ئاسمانی و کاراکراوە.
بەگوێرەی میدیا لۆکاڵییەکانی ئێران، کاژێر 12:45 خولەکی ئەمڕۆ دووشەممە 6-4-2026 بە کاتی تاران و (12:15 بە کاتی هەولێر) دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لە شاری قوم بیستراوە و بۆ ماوەیەک کارەبای هەندێک گەڕەک بڕاوە.
سەرچاوە خۆجێییەکان باس لەوە دەکەن، هێرشەکە خانووێکی لە گەڕەکی "شەهرەکی وەلایەت" کردووەتە ئامانج و گومان دەکرێت "کردەوەیەکی کوشتن" بووبێت، چونکە دەستبەجێ ئۆتۆمبێلەکانی فریاکەوتن و ئاگرکوژێنەوە چوونەتە شوێنی رووداوەکە.
هاوکات لە شاری شیراز لە باشووری ئێران، کاژێر 01:10 خولەکی بەرەبەیان دەنگی لانیکەم چوار تەقینەوەی بەهێز لە ناوچەکانی باکوور و باکووری رۆژهەڵاتی شارەکە بیستراوە.
لە شاری بروجەردیش، دانیشتووان دەڵێن گوێیان لە دەنگی فڕۆکەی جەنگی بووە، کە بۆ ماوەی پێنج خولەک بەسەر ئاسمانی شارەکەدا سووڕاونەتەوە.
تووندترین هێرشەکان لە نێوان کاژێر 02:30 بۆ 02:45 خولەکی بەرەبەیان بووە، کاتێک دەنگی زنجیرەیەک تەقینەوەی یەک لەدوای یەک تاران و دەوروبەری هەژاندووە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە شایەتحاڵەکانەوە بە میدیاکان دراوە، فڕۆکە جەنگییەکان لە بەرزییەکی زۆر نزمدا بە ئاسمانی پایتەختدا سووڕاونەتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان لە باشووری تاران لانیکەم دەنگی 6 تەقینەوەی بەهێز لە ناوچەکانی شەهرەری و ئەفسەرییە و باقر شار بیستراون. هەروەها لە ناوچەکانی پیرۆزی و تارانپارس لە رۆژهەڵاتی تاران دەنگی 10 تەقینەوە بیستراوە، لە هەندێک شوێنیش کارەبا بڕاوە. هەروەها لە ناوچەی (پەردیس) دەنگی هەشت تەقینەوە و لە ناوچەی (هەرەوی) دەنگی درۆن بیستراوە.
لە باکوور و رۆژئاوای تارانیش بە تایبەتی لە ناوچەکانی نیاوەران، لوێزان، چیتگەر و پۆنەک دەنگی تەقینەوەی بەهێز بیستراوە. لە نزیک پارکی ئیرەم دووکەڵ بینراوە.
شایەتحاڵەکان لە شارەکانی باکووری ئێران (رامسەر، تەنکابن، مەتەل قوو) دەڵێن، گوێیان لە فڕۆکەی جەنگی بووە کە بە ئاراستەی تاران و کەرەج فڕیون. هاوکات لە پارێزگاکانی رۆژئاوای ئێرانیش دەنگی جووڵەی چڕی فڕۆکە جەنگییەکان بیستراوە.
لە ناوەندی شاری تاران بە تایبەتی لە گەڕەکەکانی (مەیدانی کۆماری، ساتارخان و فاتیمی)، دەنگی تەقینەوە و فڕۆکەی جەنگی بیستراوە. یەکێک لە دانیشتووانی گەڕەکی ساتارخان دەڵێت: "دەنگی تەقینەوەکە هێندە بەرز بوو، هەموومانی لە خەو راپەڕاند."
هاوکات لەگەڵ تاران، پارێزگای گێڵان لە باکووری ئێرانیش کەوتە بەر شەپۆلی هێرشەکان. لە شارەکانی (روودسەر و کلاچای) دەنگی چوار تەقینەوەی بەهێز بیستراوە. هەندێک لە دانیشتووان باس لەوە دەکەن، تەقینەوەکان هێندە بەهێز بوون، هەستیان بە لەرزین کردووە، هاوکات دەنگی فڕۆکەی جەنگی لە ئاسمانی ناوچەکەدا بیستراوە.