حوسەینییەی زەنجان بۆردوومان کرا؛ دوو کەس کوژران و کتێبخانەیەکی مێژوویی وێران بوو
رووداو دیجیتاڵ
وێرانکارییەکی گەورە لە کۆمەڵگەیەکی ئایینیی شیعەکان لە شاری زەنجان لە باکووری رۆژئاوای ئێران روویدا.
دانیشتووانی زەنجان دەڵێن، ئەو هێرشە ئاسمانییەی لە 31ی ئاداری رابردوودا کرایە سەر "حوسەینییەی گەورەی زەنجان" زیانی بە کتێبخانە و دەرمانگەیەکی نێو کۆمەڵگەکە گەیاندووە کە پێشتر هاووڵاتییان بەخۆڕایی تێیدا چارەسەر دەکران.
بەشێکی حوسەینییەکە مێژووەکەی بۆ چەندین سەدە پێش ئێستا دەگەڕێتەوە. ئێستا شوێنەواری وێرانکاری بە گومەزە زێڕینەکەی و منارەکانییەوە دەبینرێت.
جەعفەر محەممەدی، بەڕێوەبەری گشتیی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی لە پارێزگای زەنجان رایگەیاند، لەو هێرشەدا دوو کەس کوژران، ئەوانیش عەلیرەزا سوباتلۆ، سەرپەرشتیاری کتێبخانەکە و خۆبەخشێکی کۆمەڵەی مانگی سووری ئێران بوون.
جەعفەر محەممەدی ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو کتێبخانەیەی وێران بووە، زیاتر لە 35 هەزار کتێبی تێدابوو کە ژمارەیەکی زۆریان کتێبی دەگمەن و دەستنووسی زۆر کۆن بوون.
هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی هێرشەکان، لە باکووری وڵاتەکەوە دیمەنی ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان دەبیندرێ کە جانتاکانیان هەڵدەگرن و بە پێ بەرەو دەروازەی سنووریی "رازی" لەگەڵ تورکیا بەڕێ دەکەون، ئەوەش بە مەبەستی دەربازبوون لەو جەنگەی زیاتر مانگێکە لە ئێران بەردەوامە.