رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە نوێترین لێدوانیدا لەبارەی گرژییەکانی تەنگەی هورمزەوە هۆشداری دەداتە ئەمریکا و دەڵێت، هاوکێشەی نوێ لە ناوچەکەدا جێگیر دەبێت و بەمەش "ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی شەڕیان کەم دەبێتەوە."
محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، هاوکێشەیەکی نوێ لە تەنگەی هورمز لە جێگیربووندایە و ئاسایشی کەشتیوانی و گواستنەوەی وزە بەهۆی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانییەوە کەوتووەتە مەترسییەوە.
قالیباف بە تووندی رەخنەی لە هەوڵەکانی ئەمریکا گرت بۆ سەپاندنی گەمارۆی دەریایی و پێشێلکردنی ئاگربەست، راشیگەیاند، "بە دڵنیاییەوە شەڕیان کەم دەبێتەوە."
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە پەیامەکەیدا بۆ ئەمریکا دەڵێت، "باش دەزانین کە بەردەوامیی دۆخی ئێستا بۆ ئەمریکا بەرگەی ناگیرێت؛ ئەمە لە کاتێکدایە کە ئێمە هێشتا تەنانەت دەستیشمان پێ نەکردووە."
لەم هەفتەیەدا گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە کەنداو و تەنگەی هورمز لە زیادبووندایە و مەترسیی هەڵگیرسانی جەنگێکی راستی زیاتر کردووە.
دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پلانی "پڕۆژەی ئازادی"ـی راگەیاند بۆ پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکان، سوپای ئێران هۆشداریی دایە هەر هێزێکی بیانی کە بەبێ مۆڵەتی تاران هەوڵی تێپەڕبوون بدات.
بەرپرسانی بەرگریی ئەمریکا رایانگەیاند، دوو کەشتیی تێکشکێنەری هێزی دەریایی ئەمریکا (USS Truxtun و USS Mason) لە کاتی تێپەڕینیان بە تەنگەی هورمزدا، رووبەڕووی هێرشی مووشەکی و درۆنی و بەلەمی خێرای ئێران بوونەتەوە، بەڵام هیچ زیانێکیان بەرنەکەوتووە.
دۆناڵد ترەمپ لە کاردانەوەیەکدا بەرامبەر هێرشەکان رایگەیاند، ئەگەر ئێران هێرش بکاتە سەر کەشتییە ئەمریکییەکان، ئەوا "لەسەر رووی زەوی دەسڕدرێنەوە."
گرژییەکان بوونەتە هۆی ئەوەی نرخی نەوتی برێنت نزیکەی 6% بەرز ببێتەوە و بگاتە 114 دۆلار. میدیا جیهانییەکان باس لەوە دەکەن کە ئاگربەستەکەی نێوان تاران و واشنتن لە لێواری هەرەسهێناندایە.
هاوکات ئیمارات رایگەیاند کە سیستمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی چەندین مووشەک و درۆنی ئێرانیی خستووەتە خوارەوە و ئاگرێکیش لە دامەزراوەیەکی نەوتی لە فوجەیرە کەوتووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ