ژمارەی کوژراوانی تەقینەوەکەی شاری کرمان گەیشتە 91 کەس

06-01-2024
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەری فریاکەوتنی شاری کرمان دەڵێت، ژمارەی کوژراوانی تەقینەوەکەی چوارشەممەی رابردووی شارەکە گەیشتە 91 کەس، گوتیشی، ئێستا 103 کەس لە بریندارانی رووداوەکە لە نەخۆشخانەکاندا خەوێندراون. 
 
رۆژی شەممە 06-01-2024، محەممەد سابری، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی شاری کرمان رایگەیاند، ژمارەی کوژراوانی دوو تەقینەوەکەی رۆژی چوارشەممەی رابردوو کە لە نزیک گۆڕی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران روویاندا، گەیشتە 91 کەس.  
 
بەهۆی تەقینەوە خۆکوژییەکەوە زیاتر لە 284 هاووڵاتی بریندار بوون، محەممەد سابری گوتی، ئێستا 103 کەس لە بریندارانی تەقینەوەکە لە نەخۆشخانەکانی شاری کرمان خەوێندراون کە 34 کەسیان لە بەشی چاودێریی چڕ (ئای سی یوو) دەمێننەوە و 69 کەسیشیان لە بەشەکانی دیکەی نەخۆشخانەکاندا چارەسەری وەردەگرن.
 
بەڕێوەبەری فریاکەوتنی شاری کرمان دەشڵێت، لە کۆی ئەو 103 بریندارەی لە نەخۆشخانەکاندا ماون، 43یان ژن و 17 کەسیشیان منداڵی ژێر تەمەن 15 ساڵانن.
 
وەک محەممەد سابری ئاشکرای کرد، بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، منداڵێکی تەمەن هەشت ساڵان بە ناوی تەها شادکام و بریندارێکی دیکە بە ناوی سەعید شەهنەوازی، تەمەن 60 ساڵ گیانیان لەدەستداوە.
 
دوانیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە، 03-01-2024، دوو تەقینەوە لە نزیک گۆڕی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لە شاری کرمانی ئێران و لە کاتی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی چوارەمین ساڵیادی کوژرانی، روویاندا.
 
رۆژێک دواتر داعش بەرپرسیارێتیی خۆی لە تەقینەوەکان راگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، تەقینەوەکان بە پشتێنی بۆمبڕێژکراو لەلایەن دوو خۆکوژەوە کراون.
 
دوێنێ هەینی، وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد "لەو دوو تیرۆریستەی خۆیان تەقاندووەتەوە، یەکێکیان هاووڵاتی تاجیکستانە و ناسنامەی تیرۆریستەکەی دیکە تاوەکو ئێستا یەکلایی نەبووەتەوە".
 
هەر بەگوێرەی راگەیێندراوەکە تاوەکو ئێستا نۆ کەس بە تۆمەتی هاوکاری و بەشداریکردن لە کردەوەکە دەستبەسەرکراون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە