رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەگەر ئەمریکا نیازی هەبێت سیاسەتی ئەوپەڕی گوشار بەرامبەر وڵاتەکەی پەیڕەو بکات، شکست دەهێنێت. دەشڵێت، ئەوان ئامادەن رێککەوتن لەبارەی پیتاندنی یۆرانیۆمەوە بکەن و دڵنیایی دەدەن کە نایانەوێت چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنن.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، سیاسەتی "ئەوپەڕی گوشار ئەزموونێکی شکستخواردووە". دەشڵێت، "ئەگەر دووبارە بکرێتەوە، ئەوا رووبەڕووی زۆرترین مقاوەمە دەبێتەوە".
عێراقچی پێیوایە "کەسی زیرەک لەبری سیاسەتی ئەوپەڕی گوشار سیاسەتی زۆرترین ژیری پەیڕەو دەکات."
ئەو گوتەیەی وەزیری دەرەوەی ئێران دوای ئەوە هات پێرێ، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "هەموو کەسێك دەیەوێت بمبینێت واژۆی دەکەم. ئەمە زۆر سەختە بۆ ئێران. لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیم سزاکانی سەر ئێرانم قورستر کرد، ئەگەر لە سەرۆکایەتیی بمابوومایە نە هێرشی 7ـی ئۆکتۆبەر رووی دەدا و نە ئێران دەیتوانی هاوکاری گرووپە تیرۆریستەکان بکات. با بزانین دەگەینە رێککەوتن."
لە ئیدارەی یەکەمیدا، ترەمپ سیاسەتی ئەوپەڕی گوشاری بەرامبەر ئێران پەیڕەوکرد، بەڵام ئیدارەی بایدن لەو باوەڕەدا بوو، سیاسەتەکە شکستخواردووە، بۆیە دوای کەمتر لە مانگێک لە دەستبەکاربوونی لە 2021، هەڵیوەشاندەوە.
ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، "من بەڕاستیی دەمەوێت ئاشتی ببینم و هیواداریشم بتوانین بەوە بگەین. بابەتەکەش سادەیە. ئەوان نابێت چەکی ئەتۆمییان هەبێت و ئەگەر من گەیشتمە ئەو باوەڕەی کە ئەوان دەبنە خاوەن چەکی ئەتۆمی، زۆر خراپ دەبێت بۆیان".
لەوبارەیەوە عێراقچی دەڵێت، ئامادەن دڵنیایی بدەن کە ئامانجیان لە پەرەپێدانی وزەی ناوەکی بۆ ئەوە نییە، ببنە خاوەنی چەکی ئەتۆم.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ