رووداو دیجیتاڵ
رۆژ بەڕۆژ ئاوی دەریاچەی ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان کەمدەبێتەوە، بەپێی راپۆرتی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوە ناوچەییەکانی پارێزگای ورمێ، نزیکەی یەک لەسەر سێی رووبەری ئاوی دەریاچەی ورمێ لە یەک ساڵی رابردوودا کەم بووەتەوە.
ساڵی رابردوو رووبەری دەریاچەی ورمێ 3 هەزارو 655 مەتری چوارگۆشە بووە، بەڵام هەزار و 360 مەتر چوارگۆشە لە رووبەری ئاوی دەریاچەکە کەم بووەتەوە.
مانگی شوباتی ئەمساڵ، جەواد محەممەدی، جێگری بەڕێوەبەرایەتیی ئاوە ناوچەییەکانی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، لە کاتی ئاساییدا دەبێت رووبەری دەریاچەی ورمێ چوار هەزار و 635 مەتر چوارگۆشە و ئاوەکەشی 15 ملیار و 5 ملیۆن مەتر سێجا بێت.
رەوتی کەمبوونەوەی ئاوی دەریاچەی ورمێ لە دەیەی یەکەمی 2000 هەزاردا دەستیپێکرد و لە دەیەی 2010دا دەریاچەی ورمێ بەرەوڕووی قەیران بووەوە.
شەوکەت هەرکی، پەیامنێری رووداو کە چووەتە سەر دەریاچەکە و ئەم وێنانەی گرتوون، دەڵێت: بەشێکی هۆکاری کەمبوونەوەی ئاوی دەریاچەکە، لێدانی زیاتر لە 20 هەزار بیرە لە دەوروبەری دەریاچەکە بۆ ئاودانی زەوییە کشتوکاڵییەکان.