ئێران دوو کەسی بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل و ئەندامبوونی داعش لەسێدارە دا
رووداو دیجیتاڵ
دەسەڵاتی دادوەریی ئێران رایگەیاند، دوو کەسی بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل و ئەندامێتی لە رێکخستنی داعش و پلاندانان بۆ تەقینەوەی خۆکوژی لەو وڵاتە لەسێدارە داوە.
رۆژی چوارشەممە، 6ـی ئابی 2025، دەسەڵاتی دادوەریی ئێران لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دوو کەسیان بە ناوەکانی روزبێ وادی و مەهدی ئەسغەرزادە لەسێدارە داوە.
بە گوێرەی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، روزبێ وادی بە تۆمەتی "سیخوڕی و هاوکاریکردنی ئیسرائیل" و مەهدی ئەسغەرزادە بە تۆمەتی "ئەندامێتی لە رێکخراوی داعش و دانانی پلانی تەقینەوەی خۆکوژی لە شوێنە ئایینییەکانی ئێران" لەسێدارە دراون.
ئاژانسی هەواڵیی میزان، کە سەر بە دەسەڵاتی دادوەریی ئێرانە، ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، "روزبێه وادی و مەهدی ئەسغەرزادە، دوای تەواوبوونی سەرجەم رێوشوێنە یاساییەکان و رەزامەندیی دادگای باڵا لەسەر بڕیاری لەسێدارەدانیان، بەیانیی ئەمڕۆ سزای لەسێدارەدرانیان جێبەجێ کرا."
بە گوێرەی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، روزبێه وادی لە یەکێک لە فەرمانگە زۆر هەستیار و گرنگەکانی ئەو وڵاتە کاری کردووە و بە لەبەرچاوگرتنی ئاستی دەستپێراگەیشتنی بە زانیارییە هەستیارییەکان، بژاردەیەکی سەرنجراکێش بووە بۆ ئەوەی لە لایەن دەزگەی هەواڵگریی ئیسرائیلەوە دەستنیشان بکرێت بۆ سیخوڕی.
لە راگەیێندراوەکەی دەسەڵاتی دادی ئێراندا هاتووە، "کۆکردنەوەی زانیاری، بەڵگەی هەستیار و نهێنی و ناردنیان بۆ هەواڵگریی ئیسرائیل (موساد)، پێدانی زانیاری لەبارەی زانایەکی ئەتۆمیی ئێران کە لە جەنگی ئەم دواییەی نێوان ئێران و ئیسرائیل کوژرا، لە میحوەرە سەرەکییەکانی هاوکاریی بەرفراوانی روزبێه وادی لەگەڵ ئیسرائیل بوون."
ئاماژە بە ناو و ناسنامەی ئەو زانایە ئەتۆمییە ئێرانییە نەکراوە کە روزبێه وادی بەوە تۆمەتبار کراوە، زانیاری لەبارەی ئەو کەسەوە داوەتە هەواڵگریی ئیسرائیل.
سەبارەت بە مەهدی ئەسغەرزادەش، دەسەڵاتی دادوەریی ئێران دەڵێت، ئەو کەسە بە نازناوەکانی ئەبو خالید و حسام، ئەندامی رێکخراوی داعش بووە و بۆ پەروەردەی سەربازی و ئایدۆلۆژیا چووەتە سووریا و عێراق.
بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، "مەهدی ئەسغەرزادە بە نازناوی ئەبو خاڵد دوای ئەوەی لە سووریا بریندار دەبێت، بۆ بنکەیەکی داعش لە نێو عێراق دەگوازرێتەوە. دواتر لەگەڵ گرووپێکی پێنج کەسی، بە مەبەستی ئەنجامدانی کاری تێکدەرانە، هێرشی تیرۆریستی و تەقینەوەی خۆکوژی، لە رێگەی بەرزاییەکانی رۆژئاوای وڵاتەوە، دێتەوە نێو ئێران، بەڵام لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر دەکرێت. چوار کەسەی دیکەش لە پێکدادانێکدا لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان دەکوژرێن."
لە دوای جەنگی 12 رۆژە لەگەڵ ئیسرائیل تاوەکو ئیستا 10 کەس لە ئێران بە تۆمەتی سیاسی لەسێدارە دراون کە تۆمەتی حەوت کەسیان "سیخوڕی و هاوکاریکردنی ئیسرائیل" بووە.
دوای هەڵگیرسانی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە 13ی حوزەیران، تاران بەڵێنی دادگاییکردنی خێرای ئەو کەسانەی دا کە بە گومانی هاوکاریکردنی دووژمنە سەرسەختەکەی دەستگیرکراون. ناوە ناوەش دەستگیرکردنی ژمارەیەک کەس بە تۆمەتی هاوکاریکردن یان سیخوڕی بۆ ئیسرائیک رادەگەیەنێت.
بەگوێرەی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لەنێویاندا رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی، ئێران لە دوای چین، دووەم وڵاتە لە جیهاندا کە زۆرترین سزای لەسێدارەدانی تێدا جێبەجێ دەکرێت.