پووتین سەرخۆشی لە پزیشکیان دەکات

5 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئەدلین قاسم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی رووسیا، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، هاوتا ئێرانییەکەی ئەنجامدا، هەردوولا باسیان لە پێشهاتەکان کرد، کە بەهۆی بەردەوامیی رووبەڕووبوونەوە سەربازییەکانەوە هاتوونەتە ئاراوە.
 
پووتین لەم پەیوەندییەدا جارێکی دیکە سەرەخۆشیی قووڵی خۆی بەبۆنەی کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەرپێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەندامانی خێزانەکەی، سەرکردە سیاسی و سەربازییەکان و هەروەها قوربانییانی مەدەنی دەربڕی، کە لە ئەنجامی "هێرشە چەکدارییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا" بۆ سەر ئێران گیانیان لەدەستدابوو، هەروەها جەختی لە پشتیوانیی مۆسکۆ بۆ تاران کردەوە.
 
لە چوارچێوەی هەوڵەکانی رووسیا بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخەکە، پووتین ئاماژەی بە هەڵوێستی بنەڕەتیی وڵاتەکەی کرد کە دەبێت هەموو کارە شەڕەنگێزییەکان دەستبەجێ رابگیرێن و لە چارەسەرکردنی کێشەکاندا دەستبەرداری زمانی هێز بن.
 
 پووتین داوای کرد بە پەلە بگەڕێنەوە سەر رێگەی چارەسەری سیاسی و دیپلۆماسی وەک تەنیا رێگە بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی ئێران و تەواوی ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
 
سەرۆکی رووسیا ئاشکرای کرد کە بەردەوام لە پەیوەندیدایە لەگەڵ سەرکردەکانی وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو، ئەمەش وەک نیشانەیەکی روونی هەوڵەکانی مۆسکۆ دەبینرێت بۆ یاریکردنی رۆڵی ناوبژیوانێکی هاوسەنگ تا ڕێگری لە شەڕێکی ناوچەیی بەرفراوان بگرێت.
 
لای خۆیەوە، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، سوپاسی خۆی بۆ هەڵوێستی رووسیا لە پشتیوانیکردنی سەروەری و سەربەخۆیی ئێران دەربڕی و زانیاریی وردی لەسەر خراپبوونی بارودۆخی مەیدانی و ئەمنیی بەهۆی ئەم قەیرانە تووندەوە پێشکەشی هاوتا رووسییەکەی کرد.
 
 لە کۆتایی پەیوەندییەکەدا، هەردوولا رێککەوتن لەسەر بەردەوامیی هەماهەنگی و راوێژکردن لە رێگەی کەناڵە جیاوازەکانەوە.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ژمارەیەک هاووڵاتیی ئێرانی لەسەر شەقامەکانی تاران

ئێران داوا لە خەڵک دەکات بچنە سەر شەقامەکان

ئەنجوومەنی هاوئاهەنگیی بانگەشەی ئیسلامیی ئێران بانگەوازێکی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا داوا لە خەڵک دەکات بەشداری بکەن لە رێوڕەسمی سەرانسەریی حەوتەم رۆژی کوژرانی رێبەری وڵاتەکە.