بەرهەمهێنانی کارەبا لە وێستگەی ئەتۆمی بوشەهر بەردەوامە

رووداو دیجیتاڵ

پەیوەندییە گشتییەکانی وێستگەی ئەتۆمی بوشەهر رایگەیاند، وێستگەکە بەردەوامە لە بەرهەمهێنانی کارەبا.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 7ی نیسانی 2026، پەیوەندییە گشتییەکانی وێستگەی ئەتۆمی بوشەهر رایگەیاند: "ئەو دامەزراوە نیشتمانییە مەزنە بەشێوەیەکی تەواو سەلامەت و پارێزراو، بە پابەندبوون بە بەرزترین ستانداردە نێودەوڵەتییەکان کاردەکات و وزە دەنێرێت بۆ ناو تۆڕی کارەبای نیشتمانی وڵات."
 
پەیوەندییە گشتییەکانی وێستگەی ئەتۆمی بوشەهر ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم وێستگەی کارەبایە لە ماوەی 12 ساڵ کارکردنیدا زیاتر لە 78 ملیار کیلۆوات کاژێر وزەی کارەبای بەرهەمهێناوە.
 
پەیوەندییە گشتییەکانی وێستگەی ئەتۆمی بوشەهر دەشڵێت: "ئەو شێوازە بەرهەمهێنانی وزەیە رێگری لە دەردانی ساڵانە حەوت ملیۆن تۆن گازی پیسکەر و گازی گەرمکەر کردووە."
 
ئەوە راگەیێندراوە لە کاتێکدایە، کە باس لە زیادبوونی گرژی و ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا دەکرێت، بەڵام بەپێی راگەیێندراوەکە، بەرهەمهێنانی کارەبا لە وێستگەی کارەبای بوشەهر بەبێ پچڕان بەردەوامە.
 
ئەمڕۆ بەرپرسانی خۆجێیی لە پارێزگاکانی باشوور، ناوەند و باکووری ئێران رایانگەیاند، چەندین شار و شارۆچکەی پارێزگاکانی خوزستان، هورمزگان و بوشەهر لە باشووری ئێران؛ پارێزگاکانی ئەسفەهان و قوم لە ناوەندی ئێران؛ پارێزگاکانی تاران، ئەلبورز و زەنجان لە باکوور و تەورێز لە باکووری رۆژئاوای ئێران کراونەتە ئامانج و هێرش کراوەتە سەر پرد و هێڵی ئاسنینی ئەو 9 پارێزگای ئێران.
 
لە 28ـی شوباتی رابردوو ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران. تاران وەک وەڵامێک بۆ ئەو هێرشانە، چەندین وڵاتی کەنداوی بە مووشەک و درۆن کردە ئامانج و پاساوی ئەوەی هێنایەوە کە هێزەکانی ئەمریکا خاکی ئەو وڵاتانە بۆ لێدانی ئێران بەکاردەهێنن.