راپۆرتێک: مانگە دەستکردەکانی چین یارمەتیی ئێران دەدەن بۆ لێدان لە بنکەکانی ئەمریکا

 
رووداو دیجیتاڵ

تۆڕی هەواڵی ABCی ئوسترالی لە راپۆرتێکدا لە زاری بەرپرسانی باڵای هەواڵگریی ئەمریکا و ئوسترالیاوە باس لەوە دەکات کە ئێران بۆ هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئەم دواییەی بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، پشت بە زانیاری و وێنەی مانگە دەستکردەکانی چین دەبەستێت.
 
راپۆرتەکە لەسەر بنەمای زانیاریی دزەپێکراوی دەزگاکانی هەواڵگری کە بە مەرجی ناونەهێنان قسەیان بۆ تۆڕە ئوسترالییەکە کردووە بڵاوکراوەتەوە. ئەو بەرپرسانە دەڵێن، کۆمپانیا چینییەکان کە خاوەنی مانگی دەستکردی بازرگانین، وێنەی زۆر روون و وردی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا بە تاران دەفرۆشن.
 
بەرپرسێکی هەواڵگریی رۆژئاوایی رایگەیاندووە: "ئێمە تێبینیمان کردووە کە بەردەوام جموجووڵی داتا لە کۆمپانیاکانی مانگی دەستکردی چینەوە بۆ ناوەندەکانی فەرماندەیی ئێران هەبووە، رێک پێش ئەنجامدانی هێرشەکان."
 
بەپێی راپۆرتەکە، مانگە دەستکردەکانی چین توانای ئەوەیان هەیە بە شێوەیەکی خێرا وێنەی جموجووڵی هێزەکانی ئەمریکا، ئۆتۆمبێلە زرێپۆشەکان و سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی وەک پاتریۆت بگرن.
 
ئەمەش بە تەواوی ئامانجپێکانی ئێرانی گۆڕیوە و وایکردووە هێرشەکان وردتر و مەترسیدارتر بن بۆسەر سەربازانی ئەمریکا لە ناوچەکە.
 
سەرچاوەکان باسیان لەوە کردووە کە ئێران تەنیا وێنە ناکڕێ، بەڵکو لەرێگەی ژیریی دەستکردەوە کە لە چینەوە دەستی دەکەوێت، شیکاری بۆ وێنەکان دەکات تاوەکو خاڵە لاوازەکانی بنکەکانی ئەمریکا دەستنیشان بکات و بزانێت کەی باشترین کاتە بۆ هێرشکردن.
 
حکومەتی چین بەردەوام رەتی دەکاتەوە کە راستەوخۆ هاوکاریی سەربازیی ئێران بکات، بە پاساوی ئەوەی ئەم کۆمپانیایانە سەربەخۆن و وێنە بازرگانییەکانیان بۆ هەموو لایەک بەردەستە.
 
بەڵام بەرپرسانی هەواڵگریی ئەمریکا بە تۆڕە ئوسترالییەکەیان راگەیاندووە کە پەکین "چاوی خۆی دادەخات" لە ئاست فرۆشتنی ئەم وێنانە، چونکە لە قازانجیدایە ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست سەرقاڵ و گیرۆدە بێت.