عەباس عێراقچی: هەر کاتێک پێویست بکات شەڕ یان دانوستاندن دەکەین

07-08-2025
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئێران رەتیکردەوە هیچ کاتێک بۆ دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا دەستنیشان کرابێت و رایگەیاند، "تاران بەپێی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی بڕیار دەدات، هەر کاتێک پێویست بکات شەڕ دەکەین و هەر کاتێکیش پێویست بکات دانوستاندن دەکەین و رێگەی دیپلۆماسی دەگرینەبەر."
 
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، شەوی چوارشەممە، 6ـی ئابی 2025 لە کاتی بەشداریکردن لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیی لەگەڵ میدیای وڵاتەکەیدا باسی ئەگەری دەستپێکردنەوەی دانوستاندنە ئەتۆمییەکانی لەگەڵ ئەمریکا کرد و رایگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێک لەبارەی دەستپێکردنی دانوستاندنەکان نەدراوە و هیچ کاتێک بۆ ئەو مەبەستە دەستنیشان نەکراوە.
 
عێراقچی گوتی، "بڕیارێکی یەکلاکەرەوە نییە. گفتوگۆ هەبووە و هێشتا هەیە. لە لایەنی بەرامبەرەوە هەندێک پەیاممان پێگەیشتووە و لەسەر ئەوەی ئایا دانوستاندنەکان لە داهاتوودا دەکرێن، چ لە داهاتوویەکی نزیکدا یان داهاتوویەکی دوورتردا، ئەمە پەیوەستە بەوەوە کە چ شتێک پێویستە بۆ بەرژەوەندییەکانمان."
 
بە گوتەی عێراقچی، دانوستاندن بەشێکە لە کێبڕکێ و رووبەڕووبوونەوەی ئێران لەگەڵ جیهان و بە تایبەتی لەگەڵ ئەمریکا و جەختی کردەوە "هەر کاتێک پێویست بکات شەڕ دەکەین و هەر کاتێکیش پێویست بکات دانوستاندن دەکەین و رێگەی دیپلۆماسی دەگرینەبەر. هەروەها هەر کاتێک پێویستی کرد سوود لە هێزی بەرگری و سەربازیی خۆمان و هێزی گەلی خۆمان وەردەگرین."
 
وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، "پێنج گەڕی دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا و بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانی گەلی ئێران لە جەنگی 12 رۆژەدا، نموونەی ئەو سیاسەتەن کە ئێران گرتووویەتیە بەر."
 
وەزیری دەرەوەی ئێران پێیوایە، لەبەر ئەوەی ئەمریکییەکان لە دانوستاندنەکاندا بە ئامانجەکانی خۆیان نەگەیشتن، روویان لە بژارەی دیکە کرد.
 
عەباس عێراقچی ئاماژە بە سەردانی شاندێکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بۆ ئێران لە داهاتوویەکی نزیکدا دەکات و دەڵێت، "لە ژێر رۆشنایی داواکارییەکانی ئاژانس و لە چوارچێوەی یاسای پەرلەماندا، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسمان بانگهێشتی تاران کردووە، بۆ ئەوەی سەبارەت بە شێوازێکی نوێی هاوکاری و هاوئاهەنگییەکانی نێوانمان گفتوگۆ بکەین."
 
بە گوتەی عەباس عێراقچی، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەبێ بۆ تاران روون بکاتەوە، کە چۆن و بۆ چی دەیانەوێت سەردانی ئەو دامەزراوە ئەتۆمییانە بکەن.
 
عەباس عێراقچی گوتی: "ئێستا ئاژانس دەزانێت و جەنابی بەڕێوەبەری گشتی دەبێ بزانێت کە دۆخێکی تەواو نوێ هاتووەتە ئاراوە. ئێمە هەم یاسای پەرلەمانمان هەیە و هەم بارودۆخی سەر زەویش گۆڕاوە. چەندین دامەزراوە ئەتۆمیمان بۆردوومان کراون و زیانیان بەرکەوتووە. سروشتییە کە بەهەردوو هۆکارەکە، چ بەهۆی گۆڕانکارییەکانی سەر زەوی و هەم بەهۆی یاسای پەرلەمانەوە، دەبێت سەردەمێکی نوێ لە پەیوەندی لەگەڵ ئاژانسدا دەستپێبکات."
 
وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، سەردانی جێگری سکرتێری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بۆ ئێران بە مەبەستی سەردانکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران و پشکنینیان نییە و جەختی لەوە کردەوە، تاران رێگە بەو کارە نادات. 
 
دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، پەرلەمانی ئێران پڕۆژەیاسایەکی بۆ هەڵپەساردنی هاوئاهەنگی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم پەسند کرد.
 
راگرتنی هاوکارییەکانی ئێران لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە کاتێکدایە، تاران لە هەڵوێستی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکە و رافایل گرۆسی، سەرۆکی رێکخراوەکە لە بەرامبەر هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی نیگەرانە و پێیوایە، "هەڵوێستە نادروستەکانی رێکخراوەکە بوونەتە هۆکاری هێرشکردنە سەر ئێران."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران

وەزیری دەرەوەی ئێران: ئەگەری جەنگ رەتناکەینەوە

وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێ، بەهۆی بۆردوومانی ئەمریکاوە، زیانی بەرچاو بەر سێ بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهانی وڵاتەکەی کەوتووە. ئاماژە بەوەش دەکات، دەست لە پیتاندنی یۆرانیۆم و بەکارهێنانی ''ئاشتییانە''ـی وەزەی ئەتۆم هەڵناگرن.