رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی پۆلیسی رۆژئاوای تاران رایدەگەیێنێت، شەوی رابردوو لە شاری مەلارد لەکاتی رووبەڕووبوونەوەی خۆپیشاندەران، سەرهەنگێکی پۆلیس بە چەقۆ کوژراوە.
ناوەندی زانیاریی فەرماندەیی پۆلیسی رۆژئاوای تاران، رایگەیاند ئەو ئەفسەرەی کوژراوە، ناوی "شاهین دێهقان"ە پلەکەی سەرهەنگ (عەقید) بووە.
بە گوێرەی ناوەندەکە، سەرهەنگ شاهین، لەلایەن "کەسانی نەناسراوەوە" هێرشی کراوەتەسەر.
بەپێی راگەیێندراوی پۆلیس، دوای رووداوەکە دەستبەجێ لێکۆڵینەوە دەستیپێکردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک بە تۆمەتی کوشتنی ئەو ئەفسەرە دەستگیر نەکراوە.
کوژرانی ئەو ئەفسەرەی پۆلیس لەکاتێکدایە، ماوەی 12 رۆژە شەپۆلێکی ناڕەزایەتی و مانگرتن بەهۆی گرانی و قەیرانی ئابوورییەوە لە ئێران دەستیپێکردووە و زۆربەی شارەکانی ئەو وڵاتە و رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە.
سەبارەت بە ژمارەی قوربانییانی خۆپیشاندانەکان ئامارەکان ناکۆکن؛ بەپێی سەرچاوە نافەرمییەکان نزیکەی 30 کەس کوژراون و سەدانی دیکەش دەستگیرکراون، لە بەرامبەردا حکومەتی ئێران تەنیا دان بە کوژرانی 10 کەسدا دەنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ