وەزیری پەروەردەی ئێران: خوێندن دەبێتە ئەلیکترۆنی و قوتابخانەکان دەبنە "سەنگەری بەرگری"
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری پەروەردەی ئێران بڕیارێکی نوێی لەبارەی پرۆسەی خوێندن لە کاتی شەڕدا راگەیاند و ئاماژە بەوە دەکات، قوتابخانەکان رۆڵێکی نوێ دەبینن لە بەرەنگاربوونەوەی هێرشەکاندا.
عەلیڕەزا کازمی، وەزیری پەروەردەی ئێران رایگەیاند، خوێندن تاوەکو 18ی ئادار بە شێوەی ئۆنلاین و لە رێگەی تۆڕی "شاد" و "قوتابخانەی تەلەڤیزیۆنی"یەوە بەردەوام دەبێت. وەزیر دەڵێت، "لەو بارودۆخەدا باشترین کار کە بیکەین، بەردەوامبوونی خوێندنە بە ئۆنلاین."
وەزیری پەروەردە ئاشکرای کرد، ئەگەر ئینتەرنێت پچڕا یان گرفتی بۆ دروستبوو، پلانی "بی"یان ئامادەیە، "سیناریۆی دیکەمان هەیە، ئەگەر خوێندنی ئۆنلاین نەمێنێت، پاکێجی فێربوونی 'ئۆفلاین'مان ئامادە کردووە، کە دەیدەینە قوتابخانەکان تاوەکو بیگەیێننە دەستی قوتابییان و دایک و باوکان."
لە پەیامێکی جیاوازدا بۆ بەڕێوەبەری قوتابخانەکان، وەزیری پەروەردە داوای کردووە، ئیدی قوتابخانە تەنیا شوێنی خوێندن نەبێت و رایگەیاند، "رێنوێنیمان داوە کە قوتابخانەکان بکرێنە ناوەندی سەرەکیی بەرگری لە گەڕەک و ناوچەکاندا، هەروەها ببنە ناوەندی بانگەشە و راگەیاندن دژی هێرشەکان."
عەلیڕەزا کازمی جەختی کردەوە، لە بەرامبەر ئەوەی بە "دەستدرێژیی دڕندانەی دووژمن" ناوی برد، هەموو توانایەکی قوتابخانەکان بەکاردەهێنن.
ئەم بڕیارەی وەزارەتی پەروەردەی ئێران دوای ئەوە دێت، بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانەوە، پرۆسەی خوێندنی نێو پۆلەکان لە زۆربەی شارە گەورەکان پەکیکەوتووە و مەترسی لەسەر گیانی قوتابییان دروستبووە.