سوپای پاسداران: دوو درۆنی ئیسرائیلمان لە تەورێز و خوڕەم ئاوا خستنە خوارەوە
رووداو دیجیتاڵ
پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران، ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند، هێزەکانی بەرگریی ئاسمانیی سەر بەو دامەزراوەیە توانیویانە دوو درۆنی ئیسرائیلی لە جۆری "هێرمس" لە ئاسمانی شارەکانی تەورێز و خوڕەم ئاوا تێکبشکێنن.
سوپای پاسداران ئاماژەی بەوەش کردووە، "بەرەبەیانی ئەمڕۆ، دوو درۆن لە جۆری هێرمس، لەلایەن سیستمە پێشکەوتووەکانی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسدارانەوە دەستنیشان کران و خرانە خوارەوە."
بەپێی بەیاننامەکە، یەکێک لە درۆنەکان لە ئاسمانی تەورێز (باکووری رۆژئاوای ئێران) و ئەوی دیکەیان لە ئاسمانی خوڕەم ئاوا (رۆژئاوای ئێران) پێکراون.
سوپای پاسداران ئامارێکی نوێی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت: "لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرش و ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل و ئەمریکا، تاوەکو ئێستا 17 درۆنی جۆری هێرمس و درۆنێکی ئەمریکی لە جۆری MQ-9 لەلایەن هێزەکانمانەوە تێکشکێنراون."