مانگی سووری ئێران: زیاتر لە 125 هەزار یەکەی سڤیل زیانیان بەرکەوتووە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی کۆمەڵەی مانگی سووری ئێران رایدەگەیێنێت، تاوەکو ئێستا 125 هەزار و 630 یەکەی سڤیل لە سەرتاسەری وڵات زیانیان بەرکەوتووە، کە 100 هەزار یەکەیان خانوو و شوێنی نیشتەجێبوونن.
پیرحوسێن کۆلیوەند، سەرۆکی کۆمەڵەی مانگی سووری ئێران، ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند: "تاوەکو ئەمڕۆ 125 هەزار و 630 یەکەی سڤیل لە هەموو وڵات زیانیان بەرکەوتووە، لەو ژمارەیە 100 هەزار یەکەیان نیشتەجێبوونن کە هەندێکیان 100% رووخاون و هەندێکی دیکەیان زیانی کەمتریان بەرکەوتووە."
سەرۆکی مانگی سوور وردەکاریی زیانەکانی دیکەی خستەروو و گوتی: "23 هەزار و 500 یەکەی بازرگانی کە شوێنی کار و بژێویی خەڵکن، زیانیان بەرکەوتووە. هەروەها 339 ناوەندی چارەسەر، 32 زانکۆ، 857 قوتابخانە و 20 ناوەندی مانگی سوور لەلایەن دووژمنەوە کراونەتە ئامانج."
کۆلیوەند ئاماژەی بەوەش کرد، نزیکەی 15 ژێرخانی ستراتیژی وەک کۆگەی سووتەمەنی، فڕۆکەخانە و فڕۆکەی سڤیل زیانیان بەرکەوتووە، هەروەها چەندین ئەمبوڵانس و ئۆتۆمبێلی مانگی سوور لە کاتی راپەڕاندنی ئەرکەکانیاندا راستەوخۆ پێکراون.
سەبارەت بە هێزی مرۆیی کۆمەڵەکە، کۆلیوەند ئاشکرای کرد: "پێش شەڕ 4 ملیۆن خۆبەخشی مانگی سوورمان هەبوو، بەڵام لە ماوەی شەڕدا ملیۆنێک و 600 هەزار خۆبەخشی نوێ زیاد بوون."
جەختیشی کردەوە کە داوای یارمەتییان لە هیچ وڵات و دامەزراوەیەکی نێودەوڵەتی نەکردووە، بەڵام لە رێگەی خاچی سوورەوە بەدواداچوونیان کردووە و خاچی سووریش هێرشەکانی سەرکۆنە کردووە.