ئێران: پڕۆژە 10 خاڵییەکەمان دەبێتە بنەمای دانوستاندن
رووداو دیجیتاڵ
جێگری سیاسیی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایدەگەیێنێت، رێککەوتن کراوە پڕۆژە 10 خاڵییەکەی وڵاتەکەی ببێتە بنەمای دانوستاندنەکان و جەختیش دەکاتەوە کە تاران "ئاگربەستێکی ناوێت ببێتە دەرفەت بۆ هێرشکردنەوەی دووژمن."
مەجید تەخت رەوانچی، جێگری سیاسیی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ باڵیۆز و سەرۆکی نێردە دیپلۆماسییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە تاران رایگەیاند: "رێککەوتن کراوە کە پڕۆژە 10 خاڵییەکەی ئێران بکرێتە بنەمای دانوستاندنەکان."
تەخت رەوانچی ئاماژەی بەوە کرد، کۆماری ئیسلامیی ئێران هەمیشە پێشوازی لە دیپلۆماسییەت و گفتوگۆ دەکات، بەڵام "نەک گفتوگۆیەک کە لەسەر بنەمای زانیاریی هەڵە بێت و ئامانج لێی فێڵکردن و زەمینەسازی بێت بۆ دەستپێکردنەوەی هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران."
سەبارەت بە پرسی ئاگربەست، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی: "ئێمە ئاگربەستێکمان ناوێت کە دووژمنی دەستدرێژکار دووبارە خۆی پڕچەک بکاتەوە و دەست بە هێرش بکاتەوە. بە روونی بە دۆستەکانمان گوتووە کە ئەم بارودۆخە بەبێ گەرەنتی دووبارە نابێتەوە."
ئەم لێدوانانەی تەخت رەوانچی لە کاتێکدایە، کە بڕیارە سبەی شەممە دانوستاندن لەنێوان شاندەکانی ئێران و ئەمریکا لە پاکستان دەستپێبکات.
ئەمەش دوای ئەوە دێت کە هەردوولا لەسەر ئاگربەستێکی کاتیی 2 هەفتەیی رێککەوتوون بۆ ئەوەی دەرفەت بە دیپلۆماسی بدرێت.
ئێران لە رێگەی پڕۆژە 10 خاڵییەکەیەوە دەیەوێت گەرەنتیی ئەوە وەربگرێت کە هێرشەکان بۆ سەر خاکەکەی دووبارە نابنەوە و گەمارۆکانی سەری لادەبرێن.