لە ئەسفەهان سوپای پاسداران پاشماوەی بۆمبەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەتەقێنێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران لە پارێزگای ئەسفەهان رایگەیاند، پاشماوەی تەقەمەنییەکانی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل پووچەڵ دەکرێنەوە و دەتەقێنرێنەوە و دڵنیایی دەدات لەو دەنگانەی لە رۆژهەڵاتی ئەسفەهان دەبیسترێن.
 
بەپێی راگەیێندراوێکی سوپای پاسداران، ئەمڕۆ هەینی لە کاژێر 16:30ـەوە تاوەکو نزیک ئاوابوونی خۆر، لە سنووری رێگەی خێرای مەرحووم پەروەرش و شاری خەونەکان لە رۆژهەڵاتی ئەسفەهان، پڕۆسەی لەنێوبردنی پاشماوەی ئەو تەقەمەنییانە بەڕێوەدەچێت کە لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەو ناوچەیە مابوونەوە.
 
سوپای پاسداران دڵنیایی دەداتە دانیشتووانی ناوچەکە کە بیستنی دەنگی تەقینەوەکان جێی نیگەرانیی نییە و پڕۆسەکە بە شێوەیەکی کۆنترۆڵکراو ئەنجام دەدرێت.
 
ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی 40 رۆژی جەنگدا، پارێزگای ئەسفەهان و ناوچە جیاجیاکانی دیکەی ئێران رووبەڕووی زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی و مووشەکیی ئەمریکا و ئیسرائیل بوونەوە. 
 
پێشتر بەرپرسانی ئێران رایانگەیاندبوو کە "هەوڵە شکستخواردووەکانی ئەمریکا بۆ دزینی یۆرانیۆمی پیتێنراو لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئەسفەهان" پووچەڵکراونەتەوە. 
 
ئێستا ناوچەکە لەژێر سایەی ئاگربەستێکی کاتیی دوو هەفتەییدایە بۆ رەخساندنی دەرفەت بە دانوستاندنە سیاسییەکان کە بڕیارە لە پاکستان بەڕێوەبچن.