هەواڵگریی ئەمریکا: ئێران هێشتا خاوەنی هەزاران مووشەکە
رووداو دیجیتاڵ
لە راپۆرتێکدا هاتووە، سەرەڕای هێرشە ئاسمانییە وێرانکەرەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، کۆماری ئیسلامیی ئێران هێشتا خاوەنی هەزاران مووشەکی بالیستییە و دەتوانێت لەرێگەی دەرهێنانەوەی سەکۆکانی هاوێشتن لەناو کۆگە ژێرزەمینییەکان، جارێکی دیکە هێرش بکاتەوە.
ئەم هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییانە لەکاتێکدا دەردەکەون، ئیدارەی ترەمپ هەوڵدەدات رێککەوتنی ئاگربەست جێگیر بکات و تەنگەی هورمز بکاتەوە.
پیت هێگسەس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا پێشتر رایگەیاندبوو، بەرنامە مووشەکییەکەی ئێران "وێران بووە" و سەکۆکانیان لەنێوچوون؛ بەڵام راپۆرتە هەواڵگرییەکان نیشانی دەدەن، هەرچەندە نیوەی سەکۆکانی هاوێشتن پێکراون یان لەژێر زەویدا گیریان خواردووە، بەڵام ئێرانییەکان دەتوانن زۆربەیان چاک بکەنەوە یان لە ناو چیاکان دەریانبهێننەوە.
چەند لە توانای مووشەکیی ئێران ماوە؟
بەپێی زانیارییەکانی بەرپرسانی ئەمریکی و ئیسرائیلی کە قسەیان بۆ رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ کردووە، ئێران نزیكەی نیوەی کۆگە مووشەکییە بالیستییەکانی لەدەستداوە، بەڵام هێشتا هەزاران مووشەکی مەودا کورت و مامناوەندی ماوە. لە کۆی دوو هەزار و 500 مووشەکی مەودا مامناوەند، ئێستا زیاتر لە هەزار دانەیان ماوەتەوە.
جۆرناڵ دەڵێ، ئێران کەمتر لە 50٪ـی ئەو درۆنانەی پێ ماوە کە پێش جەنگ هەیبوو، ئەوەش بەهۆی بەکارهێنانیان لە جەنگ و بۆردوومانکردنی کارگەکانیان. هەروەها، تاران هێشتا بڕێکی کەم لە مووشەکی کرووزی لایە کە دەتوانێت کەشتییەکان لە ناو کەنداوی فارس بکاتە ئامانج.
جەنەڕاڵ دان کەین، سوپاسالاری هاوبەشی ئەمریکا رایگەیاند، ئەوان زیاتر لە 13,000 جۆرە چەکیان بۆ وێرانکردنی پیشەسازیی بەرگریی ئێران بەکارهێناوە، بەڵام ئیسرائیلییەکان دەڵێن تێکشکاندنی بنکە مووشەکییەکان کارێکی یەکجار سەخت بووە، چونکە زۆربەیان لە قووڵایی چیاکاندا حەشار دراون. ئیسرائیل زیاتر سەرنجی خستووەتە سەر داخستنی توونێلەکانی چوونەدەرەوەی سەکۆکان نەک وێرانکردنی تەواوەتیی بنکەکان.
کێنش پۆلاك، شرۆڤەکاری پێشووی (CIA)، دەڵێ ئێرانییەکان توانایەکی بڕوانەکراویان لە نوێکردنەوە و رێکخستنەوەی خێرای هێزەکانیان هەیە: "ئەوان رکابەرێکی زۆر بەهێزترن لە هەموو سوپاکانی دیکەی ناوچەکە."
لەلایەکی دیکەوە، جۆن ئاڵتەرمان لە سەنتەری لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکان (CSIS) ئاماژە بە خاڵێکی هەستیار دەکات و دەڵێ: "ئێران تەنانەت بەو بڕە کەمەی تواناکانیشی کە بۆی ماوەتەوە، هەر دەتوانێت ببێتە یاریزانی سەرەکیی کۆنتڕۆڵکردنی ئاسایش لە کەنداودا. ئەوان سوودێکی گەورەیان هەیە؛ هەر رۆژێک کە تێیدا نەدۆڕێن، ئەوە بە سەرکەوتن بۆیان هەژمار دەکرێت، بەڵام ئێمە هەر رۆژێک کە [تەنگەکە] نەکەینەوە، دەدۆڕێین."
کۆشکی سپی جەخت دەکاتەوە کە ئەم "سەرکەوتنە سەربازییانە" وایکردووە جەی دی ڤانس و تیمی دانوستاندنکاری ئەمریکا بەوپەڕی گوشارەوە بچنە ناو گفتوگۆکانی ئەمڕۆ شەممە لە ئیسلامئاباد. یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانی ئێران لە بەرامبەر وازهێنان لە بەرنامە مووشەکی و ئەتۆمییەکەی، هەڵگرتنی هەموو سزا ئابوورییەکانە، بەڵام شارەزایان دەڵێن، بونیادنانەوەی سوپای ئێران بەندە بەوەی تاوەکو چەند رووسیا و چین هاوکاریی تەکنیکی پێشکەش بە تاران دەکەن.