رووداو دیجیتاڵ
بنکەیەکی خێرخوازی لە شاری مهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان ماوەی پێنج ساڵە لەگەڵ نزیکبوونەوە لە ساڵی نوێی خوێندن کەلوپەل و شتوومەک بۆ خێزانە کەمدەرامەتەکان دابین دەکات، ئەمساڵیش هاوشێوەی ساڵەکانی دیکە هەڵمەتێکیان راگەیاندووە بۆ هاوکاریی هەژار و کەمدەرامەتان.
بنکەی خێرخوازی "بارانی رەحمەت"، دەستەیەکی خێرخوازین لە مهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان، ساڵانە هاوکاریی ئەو خێزانانە دەکەن کە ناتوانن پێداویستیی خوێندن بۆ منداڵەکانیان بکڕن. فاتیمە شەریفپوور، بەرێوەبەری گشتیی بنکە خێرخوازییەکەیە و بە رووداوی گوت، "ئەم کارەی ئێمە دەیکەین، کارێکی مرۆڤدۆستانەیە، چۆن حەز دەکەین منداڵەکانمان بە رێکوپێکی بچنە قوتابخانە، خێزانە هەژارەکانیش دەیانەوێت منداڵەکانیان بەو جۆرە بچن، بۆیە ئەرکی ئێمەیە هاوکارییان بکەین."
لەو ماوەیەدا هاونیشتمانییان بە پارەی کاش، جلوبەرگ و پێداویستییەکانی خوێندن، هاوکاریی هەڵمەتەکەیان کردووە، لە هەڵمەتەکەشدا، هاوکاری بۆ 300 قوتابیی نێو شاری مهاباد کۆدەکرێتەوە و بڕیارە بۆ هەر قوتابییەک پاکێجێک هاوکاری بۆ ئامادە بکرێت. پاکێجەکان، جلوبەرگ، پێڵاو و کەلوپەلی خوێندن لەخۆدەگرێت.
کەمپینەکە لە رۆژی پێنجشەممە 7ی ئەیلوولەوە دەستیپێکردووە و بڕیارە 10 رۆژ بەردەوام بێت. بەڕێوەبەرانی کەمپینەکە دەڵێن، ئەگەر هاوکاریی پێویست نەگاتە ئەو قوتابییانە، لەوانەیە بەشێکیان ناچار بن واز لە خوێندن بهێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ