سیناتۆرێکی ئەمریکی دژی لێدانی ئێرانە؛ "خەڵک لە دەوری خامنەیی کۆدەکاتەوە"

رووداو دیجیتاڵ
 
سیناتۆرێکی دیاری کۆمارییەکان هۆشداری دەدات لەوەی بۆردوومانکردنی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە، دەبێتە هۆی ئەوەی خەڵک لە دەوری رێبەری کۆماری ئیسلامی کۆببنەوە و وەک "رزگارکەر" سەیری بکەن.
 
راند پاوڵ، سیناتۆی کۆمارییەکان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی رایگەیاند، بۆردوومانکردنی ئێران "کاری ئەمریکا نییە" و دژایەتیی خۆی بۆ هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی وڵاتەکەی بۆ هێرشی سەربازی نیشان دا.
 
پاوڵ هۆشداری دا لەوەی هەر جووڵەیەکی سەربازی، رەنگە ئەنجامی پێچەوانەی هەبێت و زیان بە هەوڵەکانی چاودێریکردنی شێوازی وەڵامدانەوەی حکومەتی ئێران بۆ خۆپێشاندەران بگەیێنێت.
 
ئەو سیناتۆرە دەڵێت: "پێموانییە هیچ کات سەرۆکێک گوتبێتی کە رێکاری سەربازی دەگرینەبەر بۆ پاراستنی خۆپێشاندەرانی وڵاتێکی دیکە."
 
راند پاوڵ ئاماژەی بە رووداوی کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووتری فەیلەقی قودس کرد لە کانوونی دووەمی 2020، کە چۆن بووە هۆی ئەوەی لە عێراق و ئێران و چەند وڵاتێکی دیکە خۆپێشاندان دژی ئەمریکا بکرێت.
 
بە بڕوای ئەو سیناتۆرە، بۆردوومانکردنی ئێران لەم کاتەدا وا دەکات "ئێرانییەکان پاڵپشتیی عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران بکەن و بە رزگارکەری دابنێن." پاوڵ جەخت دەکاتەوە، ئەوان پاڵپشتیی خۆپێشاندەران دەکەن، "بەڵام پێویستە بە وریاییەوە مامەڵە بکرێت."
 
ئەم لێدوانانە لەکاتێکدان، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندووە، تاران داوای دانوستاندنی کردووە، بەڵام ئەوان "بیر لە چەند بژارەیەکی دیکە دەکەنەوە" و دواتر بڕیار دەدەن.
 
خۆپێشاندانەکان لە ئێران پێی ناوەتە 16یەمین رۆژەوە؛ ماوەی چوار رۆژە هێڵی ئینتەرنێت و پەیوەندییەکان بە تەواوی لە وڵاتەکەدا بڕاون.
 
بەپێی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران (هێرانا)، لە سەرەتای خۆپێشاندانەکانەوە تاوەکو ئێستا 544 خۆپێشاندەر کوژراون و زیاتر لە 10 هەزار و 600 کەس دەستبەسەر کراون.
 
حکومەتی ئێران کوژرانی 111 کارمەندی هێزە ئەمنییەکانی پشتڕاست کردووەتەوە. حکومەتی ئێران خۆپێشاندانەکان بە "دەستی دەرەکی" و کاری "تێکدەران" ناودەبات، لەکاتێکدا وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە رەتینەکردووەتەوە خەڵکی سڤیل بووبنە قوربانی.