سویسرا: بە نیگەرانییەوە لە کوژران و دەستگیرکردنی خۆپێشاندەرانی ئێران دەڕوانین

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی دەرەوەی سویسرا پەیامێکی لەبارەی دۆخی ئێران بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بە "نیگەرانییەکی زۆرەوە" بەدواداچوون بۆ کوژران و دەستگیرکردنی خۆپێشاندەران دەکەن و داوا لە تاران دەکەن کۆتایی بە تووندوتیژییەکان بهێنێت.
 
رۆژی دووشەممە 12-01-2026، وەزارەتی دەرەوەی سویسرا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) رایگەیاند: "سویسرا بە نیگەرانیی زۆرەوە بەدواداچوون بۆ دەستگیرکردن و کوشتنی ژمارەیەک هاووڵاتی لە خۆپێشاندانەکانی ئێران دەکات."
 
وەزارەتی دەرەوەی سویسرا لە پەیامەکەیدا داوا لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات، "کۆتایی بەو تووندوتیژیانە دژی خۆپێشاندەران بهێنن و گەرەنتیی پاراستی مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکانی هەموو خۆپێشاندەران بکەن."
 
پەیامەکەی سویسرا لەکاتێکدایە، خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکان لە ئیران پێی ناوەتە 16یەمین رۆژەوە. ماوەی چوار رۆژە هێڵی ئینتەرنێت و تۆڕەکانی پەیوەندی لە سەرانسەری ئەو وڵاتە بڕاون؛ حکومەتیش دەڵێت تاوەکو دڵنیا نەبنەوە لەوەی مەترسی لەسەر ئاسایشیان نەماوە، سنووردارییەکان بەردەوام دەبن.
 
بەگوێرەی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران (هێرانا)، لە سەرەتای دەستپێکردنی خۆپێشاندانەکانەوە تاوەکو ئێستا 544 خۆپێشاندەر کوژراون و زیاتر لە 10 هەزار و 600 کەس دەستبەسەر کراون.
 
حکومەتی ئێران کوژرانی 111 کارمەندی هێزە ئەمنییەکانی پشتڕاست کردووەتەوە و بانگەشەی ئەوە دەکات "دەستی دەرەکی" لە پشت خۆپێشاندانەکانەوەیە و کەسانێکی "تێکدەر" لە نێو خۆپێشاندەرانەوە تەقە دەکەن، هاوکات وەزیری دەرەوەی ئێرانیش رەتینەکردووەتەوە خەڵکی سڤیل لە گرژییەکاندا کوژراون.