زەریف: ئەمریکا دەیویست مەرجەکانی بەسەر ئێراندا بسەپێنێت بۆیە دانوستاندنەکان شکستیان هێنا


رووداو دیجیتاڵ

محەممەد جەواد زەریف، وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئێران هۆکاری شکستهێنانی دانوستاندنەکانی ئەم دواییەی ئیسلامئاباد بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، دەخاتە ئەستۆی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و دەڵێت واشنتن دەیویست مەرجەکانی خۆی "بەسەر تاراندا بسەپێنێت".
 
زەریف کە لە دانوستاندنە ئەتۆمییەکانی ساڵی 2015ـدا سەرۆکایەتیی شاندی وڵاتەکەی دەکرد، رۆژی یەکشەممە، 12ـی نیسانی 2026، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا نووسیویەتی: "هیچ دانوستاندنێک، لەگەڵ ئێران سەرکەوتوو نابێت ئەگەر لەسەر بنەمای 'مەرجەکانی ئێمە/مەرجەکانی ئێوە' بێت."
 
زەریف کە یەکێک بوو لە ئەندازیارانی رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی نێوان ئێران و وڵاتانی زلهێزی جیهان (کە دواتر لە ساڵی 2018 دۆناڵد ترەمپ لێی کشایەوە)، لە پەیامەکەیدا بۆ ئەمریکا دەڵێت: "دەبێت ئەمریکا فێر بێت: ناتوانیت مەرج بەسەر ئێراندا بسەپێنیت. هێشتا کات ماوە بۆ فێربوون. هێشتا."
رۆژی شەممە، بەرپرسە باڵاکانی ئەمریکا و ئێران لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردنی ئاشتی، لە کاتێکدا ئاگربەستێکی ناسکی دوو هەفتەیی لە ئارادایە.
 
دوای شکستهێنانی گفتوگۆکان، ماڵپەڕی هەواڵیی ئەکسیۆسی ئەمریکی لە زاری سەرچاوەیەکی بێناوی ئاگادار لە دانوستانەکان بڵاویکردەوە کە بەشێک لە ناکۆکییەکان بریتی بوون لە "داواکاریی ئێران بۆ کۆنترۆڵکردنی تەنگەی هورمز و رەتکردنەوەی دەستبەرداربوون لە یەدەگی یۆرانیۆمە پیتێندراوەکەی."
 
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا کە سەرۆکایەتیی شاندی وڵاتەکەی دەکرد، رۆژی یەکشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، دانوستاندنەکان نزیکەی 21 کاژێریان خایاندووە و ئێران "بڕیاریدا مەرجەکانمان قبووڵ نەکات."
 
لەلایەکی دیکەوە، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کرد کە هەردوولا لەسەر هەندێک خاڵ رێککەوتوون، بەڵام "ناکۆکی لەسەر دوو بۆ سێ پرسی گرنگ مایەوە."
 
جەنگی نێوان ئێران لە لایەک و ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەکی دیکە، لە 28ی شوباتی رابردووەوە دەستیپێکرد، کاتێک لە هێرشێکدا ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی کوژرا و بەخێرایی ململانێیەکی بەرفراوان تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی گرتەوە.
 
تاوەکو ئێستا روون نییە ئایا هەردوولا دەست بە پەیوەندییەکانیان دەکەنەوە یان نا، وە هەروەها چارەنووسی ئاگربەستەکەش دوای شکستهێنانی دانوستانەکان نادیارە.