سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران: بۆ هەر دۆخێک ئامادەین

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران جەخت لە ئامادەیی هێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتە بۆ هەر ئەگەر و دۆخێک دەکاتەوە و دەڵێت، "هیچ هەڕەشەیەکی دژی ئێران بێ وەڵام نامێنێت."
 
رۆژی یەکشەممە، 11ی ئایاری 2025 محەممەد باقری، سەرۆک ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران بە یاوەریی شاندێکی باڵای سەربازی کە لە عەبدولڕەحیم موسەوی، فەرماندەی گشتیی سوپا و شەهرام ئێرانی، فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای ئێران پێکهاتبوو، لە سەردانێکدا بۆ پارێزگای هورموزگان لە باشووری ئەو وڵاتە، یەکەکانی شەڕ و ئۆپەراسیۆنی سەربازیی سوپای وڵاتەکەی بەسەرکردەوە.
 
محەممەد باقری رایگەیاند، هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە تەواوی و بۆ هەر دۆخێک ئامادەن.
 
باقری ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەم گەشتە بۆ کەنداوی فارس، گەرووی هورموز و دەریای عومان بە ئامانجی هەڵسەنگاندنی دۆخی ناوچەکە و ئاستی ئامادەیی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بە تایبەت هێزی دەریایی سوپا و سوپای پاسداران بۆ بەرگریکردن لە سنوورە ئاوییە نیشتیمانی و نێودەوڵەتییەکانی وڵاتەکەمان و هەروەها سامانە نیشتیمانییەکانی وڵاتەکەمان."
 
بە گوتەی سەرۆک ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران، لەو گەشتەدا هەڵسەنگاندنی مەیدانیی پێویست بۆ ئامادەیی هێزەکان بۆ جێبەجێکردنی پلانی ئۆپەراسیۆنی جۆراوجۆر دەکرێت.
 
محەممەد باقری باسی لەوە کرد، "هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە تەواوی و بۆ هەر دۆخێک ئامادەن و هیچ هەڕەشەیەک (لە دژی ئێران) بێ وەڵام نامێنێتەوە."
 
لێدوانی ئەم بەرپرسە سەربازییەی ئێران لە کاتێکدایە، رۆژی یەکشەممە گەڕی چوارەمی دانوستاندنەکانی نێوانی ئێران و ئەمریکا بە سەرپەرشتی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئیران و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوەچوو.
 
دوای کۆتاییهاتنی گفتوگۆکانیش، عەباس عێراقچی قسەی بۆ میدیای وڵاتەکەی کرد و رایگەیاند، "ئەم خولەی دانوستاندن بەراورد بە سێ گەڕی پێشووتر زۆر جیدیتر و راشکاوانەتر بوو. لەم گەڕەدا لە بابەتە گشتییەکان دوورکەوتینەوە و چووینە نێو وردەکارییەکان. سرووشتییە لە هەلومەرجێکی ئاوادا دانوستاندن قورستر بێت."
 
عێراقچی گوتیشی، "سەرەڕای سەختی و راشکاویی دانوستاندنەکان، گفتوگۆی زۆر سوودبەخش کران. ئێستا دەتوانین بڵێین، هەردوولا تێگەیشتنی باشتریان لە هەڵوێستی یەکدی هەیە."
 
ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا گومانیان هەیە کە ئێران سەرقاڵی پەرەپێدانی بۆمبی ئەتۆمی بێت، بەڵام تاران بەردەوام ئەو تۆمەتەی رەتکردووەتەوە و رایگەیاندووە، تاکە ئامانجی بەرنامە ئەتۆمییەکەی، بەرهەمهێنانی کارەبا و لێکۆڵینەوەی پزیشکییە.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی کردووە، ئەگەر تاران بە رێککەوتن بەرنامە ئەتۆمییەکەی سنووردار نەکات، ئەوا ئێران بۆردوومان دەکات.