ئێران: ئاشتیی راستەقینە بە هەڕەشە بەدی نایەت

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
ژیلا ئەسعەد
ژیلا ئەسعەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێ، ئاشتیی راستەقینە بە زمانی سووکایەتی، هەڕەشە و وەرگرتنی ئیمتیاز بەزۆر بەدەست نایەت.
 
رۆژی سێشەممە، 12ی ئایاری 2026، کازم غەریبئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند: "کاتێک لایەنێک کە خۆی دەستی راستەوخۆی لە جەنگ، گەمارۆ، سزادان و هەڕەشەی بەکارهێنانی هێزدا هەیە، وەڵامەکەی ئێران تەنیا لەبەر ئەوەی نامەی خۆبەدەستەوەدان نییە رەتدەکاتەوە، ئەوە دەسەلمێنێت کە کێشەی سەرەکی ئەوان ئاشتی نییە، بەڵکو سەپاندنی ویستی سیاسییە لە رێگەی هەڕەشە و گوشارەوە."
 
کازم غەریبئابادی گوتی:"داواکارییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران زۆر نین، بەڵکو بنەمای هەر رێککەوتنێکی جیدین."
 
غەریبئابادی ئاماژەی بەوە داواکاریانە کرد کە لە وەڵامی ئێراندا هەبووە بۆ ئەمریکا کە بریتین لە راگرتنی هەمیشەیی جەنگ و دووبارەنەبوونەوەی، قەرەبووکردنەوەی زیانەکان، هەڵگرتنی گەمارۆکان و سزاکان، رێزگرتن لە مافەکانی ئێران.
 
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران رەخنەی تووند لەو لایەنانە دەگرێ کە بە گوتەی ئەو، بە زمانی دیپلۆماسی سیاسەتی زۆرەملێ پەیڕەو دەکەن و گوتی: "ناکرێ لە لایەکەوە باسی ئاگربەست بکرێ و لە لایەکی دیکەوە گەمارۆ بەردەوام بێت؛ ناتوانرێ باسی دیپلۆماسی بکرێ و سزاکان تووندتر بکرێن؛ ناکرێ باس لە سەقامگیریی ناوچەیی بکرێ، کەچی پشتیوانیی سیاسی و سەربازیی ئەو رژێمە بکرێ کە سەرچاوەی دەستدرێژی و ناسەقامگیرییە."
 
غەریبئابادی گوتیشی:" ئەم جۆرە رەفتارانە ناوی دانوستاندنی لێ نانرێ، بەڵکو بەردەوامیدانە بە سیاسەتی ناچارکردن بە وشەی دیپلۆماسی."
 
هەر ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رادیۆی (WABC)  رایگەیاند، دڵنیایە لەوەی ئێران پیتاندنی یۆرانیۆم رادەگرێ و دەستبەرداری هەوڵەکانی بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی دەبێت. 
 
سەبارەت بە کاتی گەیشتن بە رێککەوتن، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە واشنتن پەلەی نییە و گوتی: "ئێمە پەلە لە هیچ شتێک ناکەین، چونکە گەمارۆمان خستووەتە سەریان."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە