رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەکی ئاگادار دەڵێ، کۆماری ئیسلامیی ئێران پێنج مەرجی وەک "کەمترین گەرەنتی بۆ هەبوونی متمانە" دیاریکردووە بۆئەوەی بچنە نێو گەڕی دووەمی دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا.
ئەمڕۆ سێشەممە، 12ی ئایاری 2026، ئاژانسی هەواڵی فارس کە نزیکە لە سوپای پاسداران لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە: "کۆماری ئیسلامیی ئێران پێنج مەرجی وەک کەمترین گەرەنتی بۆ دروستکردنی متمانە" دیاریکردووە بۆ ئەوەی بچێتە نێو گەڕی دووەمی دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا."
بەپێی سەرچاوەکە، مەرجەکانی ئێران بریتین لە کۆتاییهێنان بە شەڕ لە هەموو بەرەکان بەتایبەتی لە لوبنان، هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئێران، ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکانی ئێران، قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانانەی بەهۆی شەڕەوە کەوتوونەتەوە، داننان بە مافی سەروەریی ئێران بەسەر تەنگەی هورمزدا."
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، تاران لە رێگەی نێوەندگیرە پاکستانییەکانەوە پەیامێکی گەیاندووەتە واشنتن و تێیدا جەختی کردووەتەوە کە "بەردەوامیی گەمارۆی دەریایی لە سنووری دەریای عەرەب و کەنداوی عومان دوای راگەیاندنی ئاگربەست، ئەو بڕوایەی لای ئێران بەهێزتر کردووە کە ناتوانرێ متمانە بە ئەمریکا بکرێ."
بە گوێرەی ئەو سەرچاوەی کە قسەی بۆ ئاژانسی فارس کردووە، تاران پێیوایە بێ جێبەجێکردنی کردەیی ئەم مەرجانە، هیچ دەرفەتێک بۆ چوونە نێو دانوستاندنی نوێ لەگەڵ واشنتن نییە.
هەر ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رادیۆی (WABC) رایگەیاند، دڵنیایە لەوەی ئێران پیتاندنی یۆرانیۆم رادەگرێ و دەستبەرداری هەوڵەکانی بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی دەبێت.
سەبارەت بە کاتی گەیشتن بە رێککەوتن، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە واشنتن پەلەی نییە و گوتی: "ئێمە پەلە لە هیچ شتێک ناکەین، چونکە گەمارۆمان خستووەتە سەریان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ