رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران حکومەتی کوێت بە هێرشکردنی "نایاسایی" بۆ سەر بەلەمێکی ئێرانی و دەستگیرکردنی چوار هاووڵاتیی وڵاتەکەی تۆمەتبار دەکات؛ دەشڵێت، ئەم کارە لە نزیک ئەو شوێنانە کراوە، کە ئەمریکا بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاریاندەهێنێت.
رۆژی چوارشەممە 13ی ئایاری 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە ئێکس بڵاویکردەوە، کوێت بە شێوەیەکی "نایاسایی" پەلاماری بەلەمێکی ئێرانی داوە و چوار هاووڵاتی دەستگیرکردووە. عێراقچی گوتی: "ئەمە هەوڵێکی روونە بۆ نانەوەی ئاژاوە و دووبەرەکی لە ناوچەکەدا."
وەزیری دەرەوەی ئێران وردەکاریی شوێنی رووداوەکەی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، "ئەم کارە نایاساییە" لە کەنداو و لە نزیک دوورگەیەک روویداوە کە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکاوە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاردەهێندرێت.
عێراقچی گوتیشی: "ئێمە داوای ئازادکردنی دەستبەجێی هاووڵاتییانمان دەکەین و مافی وەڵامدانەوەش بۆ ئەم رەفتارانە بۆ خۆمان دەپارێزین."
رۆژی 28ی شوباتی ئەمساڵ، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێی، لەوانە کوێت، و ئیسرائیل. لە دووەم رۆژی جەنگەکەوە ئێران تەنگەی هورمزی داخست، ئەمەش نرخی بەرمیلێک نەوتی لە 72 دۆلارەوە بۆ سەروو 100 دۆلار بەرزکردەوە.
ئێران پێشتریش هەڕەشەی لە وڵاتانی دراوسێی کردبوو، کە هەر هاوکاریکردنێکی ئەمریکا یان هێرشکردنە سەر وڵاتەکەیان لەلایەن ئەوانەوە، ئەوا رووبەڕووی وەڵامی تاران دەبنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ