حکومەتی ئێران: بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی هێڵی ئاسنی کرماشان-خوسرەوی دەکەین


رووداو دیجیتاڵ

جێگری سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری جێبەجێکردن لە سەردانەکەیدا بۆ پارێزگای کرماشان رایگەیاند، ئەم ساڵ بەدواداچوونی جیدی بۆ پڕۆژەی هێڵی ئاسنی نێوان شاری کرماشان و دەروازەی سنووریی خوسرەوی لە سنووری باشووری کوردستان دەکرێ.
 
محەممەدجەعفەر قائیمپەنا، کە بە سەردانێک لە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستانە، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەرپرسانی پارێزگاکە گوتی، "حکومەت بە جیدی بەدواداچوون بۆ بەستنەوەی هێڵی ئاسنی کرماشان بە دەروازەی سنووریی خوسرەوییەوە دەکات. هەروەها هەوڵ دەدەین ئەم ساڵ پڕۆژەی دروستکردنی هێڵی ئاسنی کرماشان بۆ شاری ئیسلامئابادی رۆژئاوا (شائاباد) بخەینە واری جێبەجێکردنەوە."
 
بە گوتەی قائیمپەنا، لایەنی عێراقیش خوازیاری ئەوەیە هێڵی ئاسنی کرماشان-خوسرەوی تەواو بێ کە دەبێتەهۆی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان هەردوو وڵات. دەشڵێت، بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە ئاسانکاری بۆ هاتووچۆی زیارەتکاران زیاتر دەبێت. 
 
لە 15-05-2025، فەرزانە سادق مالواجێردی، وەزیری رێگەوبان و ئاوەدانکردنەوەی ئێران رایگەیاند، هەوڵ دەدەن لە کەمتر لە دوو ساڵدا پڕۆژەی هێڵی ئاسنی کرماشان-ئیسلامئابادی رۆژئاوا تەواو بکەن.
 
بە گوتەی وەزیری رێگەوبان و ئاوەدانکردنەوەی ئێران، ئەو پڕۆژە ستراتیجیە کە تاوەکو سنووری خوسرەوی و پاشان تاوەکو خانەقین دەڕوات، پڕۆژەی سەرەکیی پێشکەوتنی پارێزگای کرماشانە لە بواری گواستنەوەدا.
 
هێڵی ئاسنی کرماشان-خوسرەوی 263 کیلۆمەتر درێژە و تاوەکو ئێستا 40٪ لە پرۆژەکە جێبەجێ کراوە.