رووداو دیجیتاڵ
دەسەڵاتی دادی ئێران سزای سێ مانگ قەدەخەکردنی هەر جۆرە چالاکییەکی میدیایی و بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەسەر سادق زیباکەلام، مامۆستای زانکۆ و شرۆڤەکاری سیاسی سەپاند.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 14ـی ئایاری 2026، ئاژانسی "میزان"ـی سەر بە دەسەڵاتی دادی ئێران رایگەیاند: "بڕیاری چاودێریی دادوەری سەبارەت بە قەدەخەکردنی هەر جۆرە چالاکییەکی میدیایی و بەرهەمهێنانی ناوەڕۆک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ ماوەی سێ مانگ، بەسادق زیباکەلام، بەڕێوەبەری بەرپرسی ئاژانسی هەواڵی ئانا راگەیێندراوە."
بەگوێرەی زانیارییەکانی دەسەڵاتی دادی ئێران، سزادانی ئەو مامۆستایەی زانکۆ دوای ئەوە دێت کە هەفتەی رابردوو لە ئاژانسی هەواڵی "ئانا" و لە بەرنامەی (پۆڵ حافز) چاوپێکەوتنێکی کردووە.
دوای بڵاوبوونەوەی چاوپێکەوتنەکە، داواکاری گشتیی تاران سکاڵای یاسایی لە دژی سادق زیباکەلام و ئەو دەزگا راگەیاندنەی لێدوانەکانی بڵاوکردووەتەوە تۆمارکردووە، بەو هۆیەشەوە دادگە بڕیاری سزادانی بۆ دەرکردووە.
سادق زیباکەلام، یەکێکە لە ناسراوترین مامۆستاکانی زانکۆ و شرۆڤەکارە سیاسییەکانی ئێران و لە هەمان کاتدا بەڕێوەبەر و بەرپرسی ئاژانسی هەواڵی "ئانا"یە، کە بەهۆی لێدوان و دیدگا سیاسییەکانیەوە چەندین جار رووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی بووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ