رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی حەج و زیارەتی ئێران رایدەگەیێنێت، تاوەکو ئێستا 27 هەزار حاجیی ئەو وڵاتە گەیشتوونەتە سعودیە، ئەوەش لەکاتێکدایە ژمارەی حاجیانی ئەمساڵی ئێران بەراورد بە پار بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە و زیاتر لە 55 هەزار کەس لە پشکە فەرمییەکەیان کەمترە.
رۆژی پێنجشەممە، 14ـی ئایاری 2026، رێکخراوی حەج و زیارەتی ئێران بڵاویکردەوە، 27 هەزار حاجی کە دەکاتە 70%ـی کۆی حاجیانی وڵاتەکە، گەیشتوونەتە خاکی سعودیە و پرۆسەی گواستنەوەی سەرجەم حاجیانیش تاوەکو 15ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، پشکی فەرمیی ئێران بۆ حەجی ئەمساڵ 86 هەزار و 700 کەس بووە، بەڵام تەنیا نزیکەی 31 هەزار و 600 کەس ناوی خۆیان تۆمار کردووە، ئەوەش لەکاتێکدایە پار زیاتر لە 85 هەزار کەس لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانەوە فەریزەی حەجیان بەجێگەیاندبوو.
رێکخراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، هۆکاری ئەم کەمبوونەوەیە بۆ چەند پرسێک دەگەڕێتەوە، لەوانە کێشەی نەگەڕانەوەی ڤیزا بۆ هەزار و 346 کەس و هەروەها مەیلی خودی هاووڵاتییان بۆ نەکردنی حەج لەمساڵدا.
فاتمە موهاجەرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران لەبارەی کەمبوونەوەی خواست بۆ حەجی ئەمساڵ رایگەیاندووە، سەرەڕای ئەوەی ناوی هەموو داواکارەکان راگەیێندراوە، بەڵام حکومەت هاووڵاتییانی سەرپشک کردووە و دەڵێت: "ئەو کەسانەی بە هەر شێوەیەک هەست بە مەترسی یاخود نادڵنیایی دەکەن، دەتوانن ئەمساڵ حەج نەکەن."
پرۆسەی گواستنەوەی حاجیانی ئێران لە 1ـی ئایاری 2026ـەوە دەستیپێکردووە. ئێستا زیاتر لە چوار هەزار حاجی ماون کە بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا بگەنە سعودیە، پێشتریش 672 کەس وەک تیمی کارگوزاری و هاوکاری گەیشتبوونە سعودیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ