ئەمریکا بە تۆمەتی "سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان" سزای بەسەر چەند بەرپرسێکی ئێراندا سەپاند
رووداو دیجیتاڵ
ئەمریکا رۆژی پێنجشەممە سزای بەسەر ژمارەیەک بەرپرسی ئەمنی و دامەزراوەی دارایی ئێراندا سەپاند و تۆمەتباری کردن بە سەرکوتکردنی تووندوتیژانەی خۆپیشاندانەکان و سپیکردنەوەی ملیاران دۆلار لە داهاتی نەوت.
سکۆت بیسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، ئەو رێکارانەی لەسەروبەندی گەورەترین خۆپیشاندانی دژی حکومەت لە مێژووی ئێراندا راگەیاند، هەرچەندە وادەردەکەوێت خۆپیشاندانەکان لە چەند رۆژی رابردوودا بەهۆی رێکارەکانی حکومەت و بڕینی ئینتەرنێتەوە، کەمبوونەتەوە.
بیسێنت لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "ویلایەتە یەکگرتووەکان پێداگرانە لەگەڵ گەلی ئێراندا دەوەستێتەوە لە داواکارییەکانیان بۆ ئازادی و دادپەروەری،" هەروەها گوتیشی، ئەو هەنگاوە لەسەر فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بووە.
یەکێک لەوانەی سزاکە دەیانگرێتەوە عەلی لاریجانییە، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، کە واشنتن بە رێکخستنی سەرکوتکاری و داواکردنی بەکارهێنانی هێز دژی خۆپیشاندەران تۆمەتباری دەکات.
هەروەها سزاکە چوار فەرماندەی ناوچەیی هێزەکانی پۆلیس و سوپای پاسدارانی ئێرانی گرتووەتەوە بەهۆی رۆڵیان لە "سەرکوتکردنی" خۆپیشاندانەکان لە پارێزگاکانی لوڕستان و فارس.
وەزارەتی گەنجینە دەڵێت، هێزە ئەمنییەکان لە پارێزگای فارس "ژمارەیەکی زۆر خۆپیشاندەری ئاشتیخواز"یان کوشتووە و نەخۆشخانەکانیش "ئەوەندە پڕبوون لە برینداری گوللـە کە نەتوانراوە هیچ جۆرە نەخۆشێکی دیکە وەربگیرێت".
لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ناوی 18 کەس و دامەزراوەی خستە لیستی سزاکانەوە کە تۆمەتبارن بە بەڕێوەبردنی تۆڕەکانی "بانکی سێبەر" کە داهاتی فرۆشی نەوتی ئێران لە رێگەی کۆمپانیای وەهمی لە ئیمارات، سەنگاپوور و بەریتانیا سپی دەکەنەوە.
بەگوێرەی وەزارەتی گەنجینە، ئەو تۆڕانە ساڵانە ملیاران دۆلار لە رێگەی کۆمپانیا و نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراوەوە دەگوازنەوە، لە کاتێکدا هاووڵاتییانی ئێران رووبەڕووی سەختیی ئابووری بوونەتەوە.
سزاکان هەر سەروەت و سامانێکی ئەو کەس و لایەنانەی لە ئەمریکا هەیانە، سڕ دەکات و رێگە لە ئەمریکییەکان دەگرێت مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن. هەروەها دامەزراوە داراییە بیانییەکانیش ئەگەری سزای لاوەکییان لەسەرە ئەگەر مامەڵە لەگەڵ ئەو لایەنە سزادراوانەدا بکەن.
ئەم هەنگاوە نوێیە لە درێژەی هەڵمەتی "ئەوپەڕی گوشار"ی ئیدارەی ترەمپدایە دژی ئێران. وەزارەتەکە رایگەیاندووە، لە ساڵی 2025ـدا، وەک بەشێک لەم هەوڵە، سزای بەسەر زیاتر لە 875 کەس، کەشتی و فڕۆکەدا سەپاندووە.