نیوزلەندا باڵیۆزخانەکەی لە ئێران داخست
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی نیوزلەندا رۆژی هەینی رایگەیاند، بەشێوەیەکی کاتی باڵیۆزخانەکەی لە تاران داخستووە، ئەوەش بەهۆی تێکچوونی بارودۆخی ئەمنی لە ئێران.
رۆژی هەینی، 16ی کانوونی دووەمی 2026، گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی نیوزلەندا رایگەیاند، ستافی دیپلۆماتی شەوی رابردوو بە گەشتی ئاسمانیی بازرگانی بە سەلامەتی ئێرانیان جێهێشتووە.
کارەکانی باڵیۆزخانەی نیوزلەندا لە تاران گواستراونەتەوە بۆ ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، ئەمە بەهۆی "خراپبوونی بارودۆخی ئەمنی" لە ئێران.
گوتەبێژەکە گوتی: "بەردەوامین لە ئامۆژگاریکردنی هاووڵاتیانمان کە بە هیچ شێوەیەک گەشت بۆ ئێران نەکەن. هەر نیوزلەندییەک کە ئێستا لەو وڵاتەیە پێویستە دەستبەجێ جێی بهێڵێت."
وەزارەتی دەرەوەی نیوزلەندا رایگەیاندووە کە توانایەکی "زۆر سنووردار"یان هەیە بۆ پێشکەشکردنی هاوکاریی کۆنسووڵخانە بەو نیوزلەندییانەی کە لە ناو ئێراندا ماونەتەوە.
گوتەبێژی وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کرد، ئاستەنگییە تووندەکانی پەیوەندیکردن وایکردووە خەڵک بە زەحمەت بتوانن پەیوەندی بە خێزان و هاوڕێکانیانەوە بکەن لە ناو ئێران، هەروەها ئامۆژگاری نیوزلەندییەکانی ئەوێی کرد، کە هەر کاتێک توانییان پەیوەندی بە کەسوکاریانەوە بکەن.
وینستۆن پیتەرز، وەزیری دەرەوەی نیوزلەندا رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، وڵاتەکەی "تۆقیوە" بە پەرچەکردارە تووندوتیژەکانی تاران بەرامبەر بە خۆپیشاندانە گەورەکانی دژ بە حکومەت.
پیتەرز لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "ئێمە سەرکۆنەی ئەو سەرکوتکارییە دڕندانەیە دەکەین کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەکرێن، لەوانەش کوشتنی خۆپیشاندەران." گوتیشی: "ئێرانییەکان مافی خۆپیشاندانی ئاشتیانە، ئازادی رادەربڕین و دەستگەیشتن بە زانیارییان هەیە، بەڵام ئێستائەو مافە بە دڕندانە سەرکوت دەکرێت."
وەزیرەکە ئاماژەی بەوەش کرد کە نیوزلەندا "نیگەرانییە جددییەکانی" خۆی راستەوخۆ بە باڵیۆزخانەی ئێران لە وێڵینگتۆن گەیاندووە و لەسەر ئەو کارەشی بەردەوام دەبێت.
رۆژی 28ی کانوونی یەکەمی 2025، خۆپێشاندانەکانی ئێران لە تاران دەستیپێکرد و دواتر زۆرینەی شارەکانی ئێرانی گرتەوە. بە گوێرەی رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، لەو خۆپێشاندانانەدا زیاتر لە دوو هەزار کەس کوژراون و 10 هەزار کەسی دیکەش دەستگیرکراون.