کەنەدا: هاووڵاتییەکمان لە خۆپێشاندانەکانی ئێراندا کوژراوە

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزیری دەرەوەی کەنەدا رایگەیاند، هاووڵاتییەکیان لە خۆپێشاندانەکانی ئەمدواییانەی ئێران کوژراوە. داواش لە حکومەتی ئێرانی دەکات، کۆتایی بە "تووندوتیژی" بەرامبەر خۆپێشاندەران بهێنێت.
 
ئانیتا ئاناندا، وەزیری دەرەوەی کەنەدا، رۆژی پێنجشەممە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس کوژرانی هاووڵاتییەکی کەنەدی لە خۆپێشاندانەکانی ئێراندا راگەیاند، بەبێ ئەوەی زانیاریی زیاتر لەوبارەوە بخاتەڕوو.
 
ئانیتا ئاناندا دەڵێت: "ئێستا ئاگادارکرامەوە کە هاووڵاتییەکی کەنەدی لە ئێران بە دەستی دەسەڵاتدارانی ئێران گیانی لەدەستداوە. بەرپرسانی کۆنسووڵخانەمان لەگەڵ خێزانی قوربانییەکە لە کەنەدا لە پەیوەندیدان و سەرەخۆشیی قووڵم هەیە لەگەڵیاندا لەم کاتەدا."
 
بە گوتەی وەزیری دەرەوەی کەنەدا، "ناڕەزاییە ئاشتیخوازەکانی گەلی ئێران کە داوا دەکەن لە بەرامبەر سەرکوت و پێشێلکارییە بەردەوامەکانی مافی مرۆڤ لە لایەن حکومەتی ئێرانەوە دەنگیان ببیسترێت، وایکردووە ئەو حکومەتە بە ئاشکرا ژیانی مرۆڤەکان پشتگوێ بخات."
 
وەزیری دەرەوەی کەنەدا سەرکۆنەی تووندوتیژییەکانی حکومەتی ئێران لە بەرامبەر خۆپێشاندەرانی ناڕازی دەکات و دەڵێت: "ئەم تووندوتیژییە دەبێت کۆتایی پێبێت. کەنەدا سەرکۆنەی تووندوتیژیەکان دەکات و داوای کۆتاییپێهێنانی دەستبەجێی تووندوتیژییەکانی رژێمی ئێران دەکات."
 
ئەوە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ 20 رۆژ بەسەر دەستپێکردنی ناڕەزاییەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان تێدەپەرێت.
 
ناڕەزایی و خۆپێشاندانەکان رۆژی 28-12-2025 لە بازاری گەورەی تارانەوە دەستیپێکرد و دواتر بە خێرایی هەموو پارێزگاکانی گرتەوە.
 
بە گوێرەی ئاژانسی چالاکڤانانی مافی مرۆڤی ئێران، لە سەرەتای خۆپێشاندانەکانەوە تاوەکو ئەمڕۆ کوژرانی دوو هەزار و 677 کەس بۆیان پشتراستکراوەتەوە و لەبارەی کوژرانی هەزار و 693 کەسی دیکەش لێکۆڵینەوە دەکرێت. 
 
ئاژانسەکە دەشڵێت، تاوەکو ئێستا 19 هەزار و 97 کەس بە تۆمەتی بەشداریکردن لە خۆپێشاندانەکان، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.