رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی ئێران بڕیاری لەسەر زیادکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان بۆ ساڵی نوێی دارایی دا؛ بەگوێرەی بڕیارەکە کەمترین مووچەی فەرمانبەران دەبێتە 18.7 ملیۆن تمەن.
محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لەبارەی وردەکاریی زیادکردنی مووچەکان رایگەیاند: "هەموو مووچەکان لانیکەم 32٪ زیادکراون، ئەمە روونە؛ ئەگەر ئەو 3.3٪ـەی زیادکراوە لەگەڵ 20٪ـی بنەڕەتیی مووچەکان کۆبکەینەوە و لابردنی باجیش هەژمار بکەین، تێکڕای زیادبوونەکە دەگاتە 32٪."
بەپێی بڕیارە نوێیەکەی پەرلەمانی ئێران، مووچەی فەرمانبەران بۆ ساڵی داهاتوو لە نێوان 21٪ تاوەکو 43٪ زیاد دەکرێت.
بڕیاری پەرلەمانی ئێران بۆ مووچەی ساڵی نوێ:
کەمترین مووچەی فەرمانبەران: 18 ملیۆن و 700 هەزار تمەن.
کەمترین مووچەی خانەنشینان: 16 ملیۆن و 800 هەزار تمەن.
دەرماڵەی هاوژینی: 3 ملیۆن و 151 هەزار تمەن.
دەرماڵەی منداڵبوون: 3 ملیۆن و 438 هەزار تمەن.
بەرزترین بڕی مووچە: 130 ملیۆن و 900 هەزار تمەن (حەوت هێندەی کەمترین مووچە).
سەرباری ئەم زیادکردنە، هەندێک لە پەرلەمانتاران رەخنە لە بڕیارەکە دەگرن و بە ناتەواوی دەبینن. شەهباز حەسەنپوور، پەرلەمانتاری کرمان ئاماژە بەوە دەکات: "لە دۆخی ئێستادا کرێنشینان ناتوانن بە مووچەی 20 ملیۆن تمەنی بژین. ئەمڕۆ هێڵی هەژاری گەیشتووەتە لانیکەم 50 ملیۆن تمەن؛ چۆن پەسندی دەکەین لە کاتێکدا رێژەی هەڵاوسان 60٪ـە، بەڵام مووچە تەنیا 20٪ زیاد بکرێت؟ بەپێی یاسا و دەستوور، دەبێت مووچەی کرێکاران و فەرمانبەران هاوتای ئاستی هەڵاوسان زیاد بکرێت."
پەسندکردنی ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران پێشتر رایگەیاندبوو، 34٪ـی دانیشتووانی وڵاتەکە لەوپەڕی هەژاریدان یان بە هەژار هەژمار دەکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ