سوپای پاسداران: 700 مووشەک و 3600 درۆنمان دژی ئامانجەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بەکارهێناوە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران نوێترین ئاماری هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی وڵاتەکەی بۆ سەر ئامانجە ئەمریکی و ئیسرائیلییەکان ئاشکرا دەکات و دەڵێت، تاوەکو ئێستا نزیکەی 700 مووشەکیان ئاراستەی ئەو ئامانجانە کردووە.
عەلی محەممەد نائینی، گوتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیای فەرمیی وڵاتەکەی رایگەیاند، "ئەو مووشەکانەی تەقێندراون، تێکەڵەیەک بوون لەو مووشەکانەی بە سووتەمەنیی رەق و شل کار دەکەن، هەروەها لەسەر ئاستی مەودای دوور و مەودای مامناوەند بوون."
سەبارەت بە بەکارهێنانی درۆن لە ئۆپەراسیۆنەکانیاندا، نائینی ئاماژەی بەوە کرد: "تاوەکو رۆژی پازدەیەمینی شەڕ، سێ هەزار و 600 درۆنی جیاوازمان لە ئۆپەراسیۆنەکاندا بەکارهێناوە."
گوتەبێژی سوپای پاسداران لەبارەی زیانە گیانییەکانی سوپای ئەمریکا و ئیسرائیل بانگەشەی ئەوە دەکات، کە ژمارەی کوژراو و بریندارەکانیان لە ناوچەکە گەیشتووەتە نزیکەی پێنج هەزار کەس. دەشڵێت: "ئەوان بە زۆری ئاماری کوژراوان بڵاوناکەنەوە و تەنیا ئاماری برینداران بڵاودەکەنەوە، یان وەک مردن بە جەڵتەی مێشک رایدەگەیێنن، بەڵام ئێمە پێمانوایە لانیکەم سێیەکی ئەو پێنج هەزار کەسە، کوژراون."
عەلی محەممەد نائینی باسی لەوەش کرد، کە وەزارەتی تەندروستیی ئیسرائیل دانی بە هەبوونی زیاتر لە سێ هەزار برینداردا ناوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، گوتەبێژی سوپای پاسداران باسی لە خستنەخوارەوەی درۆنەکانی لایەنی بەرامبەر کرد و گوتی: "تاوەکو ئێستا 118 درۆنی جیاواز لە جۆرەکانی (هێرمس) و (هێرۆن) و جۆرەکانی دیکە خراونەتە خوارەوە."