پەرلەمانی ئێران: دەبێ بۆ دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا مەرجمان هەبێت

16-07-2025
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانی ئیران سەبارەت بە ئەگەری دەستپێکردنەوەی دانوستاندنە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئەمریکا رایگەیاند، ئەمریکا دانوستاندنەکانی بۆ فریودانی ئێران بەکارهێناوە بۆیە نابێ چیدیکە دانوستاندن وەکو جاران بەڕێوەبچێت. جەختیش دەکاتەوە، "دەبێت بۆ دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا مەرجی پێشوەختە دابنرێن."
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 16ـی تەممووزی 2025، پەرلەمانی ئێران لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا و ئەگەری دەستپێکردنی دانوستاندنە ئەتۆمییەکانی نێوان تاران و واشنتن، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە.
 
راگەیێندراوەکە لە لایەن ئەحمەد نادری، پەرلەمانتاری تاران و ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی ئێرانەوە خوێندرایەوە و تێیدا داوای دانانی مەرج دەکرێت لەلایەن ئێرانەوە بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا.
 
پەرلەمانی ئێران دەڵێت: "کاتێک ئەمریکا دانوستاندنەکان وەک ئامرازێک بۆ فریودانی ئێران و پەردەپۆشکردنی هێرشێکی سەربازی لەناکاوی رژێمی زایۆنی بەکاردەهێنێت، چیدیکە ناتوانرێت دانوستاندن وەکو جاران بەڕێوە بچێت؛ دەبێت مەرجی پێشوەختە دابنرێن."
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، تاوەکو ئەو کاتەی مەرجەکانی ئێران بە تەواوی جێبەجێ نەکرێن، نابێت هیچ دانوستاندنێکی نوێ لەگەڵ ئەمریکییەکان بکرێت.
 
پەرلەمانی ئێران ئاماژە بە جەنگی 12 رۆژە لەگەڵ ئیسرائیل دەکات و دەڵێت، بەرپرسیاری سەرەکیی هێرشکردنە سەر ئێران، حکومەتی ئەمریکایە کە بە هاوکاری و پشتیوانی وڵاتانی ئەورووپی رێگەیان خۆش کردەوە بۆ ئەوەی کۆماری ئیسلامی بڕۆخێنن و ئێران دابەش بکەن، بەڵام بە هۆشیاریی گەلی ئێران، سەرکردایەتیی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی و ئامادەیی هێزە چەکدارەکانی ئێران، پلانی هێرشکردنەکە شکستی هێنا.
 
راگەیێندراوەکەی پەرلەمانی ئێران ئاماژە بە یاسای راگرتنی هاوکارییەکان لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەکات و تێیدا هاتووە، پەسندکردنی یاساکە بەشێکە لە وەڵامدانەوەی لۆژیکی و بەهێزی ئێران لە بەرامبەر هێرشە نایاساییەکان بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان و زانا ئەتۆمییەکانی.
 
رۆژی 25ـی حوزەیرانی 2025، پەرلەمانی ئێران پڕۆژەیاسای هەڵپەساردنی هەماهەنگی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم پەسند کرد. بەپێی پڕۆژەیاساکە، "تاوەکو ئاسایشی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی گەرەنتی نەکرێت، ئێران هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رادەگرێت."
 
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، تاوەکو ئەو کاتەی ئاسایشی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران و زانا ئەتۆمییەکانی گەرەنتی نەکرێت، رێگە بە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم نادرێت، سەردانی ئەو دامەزراوانە بکەن: "حکومەتی دەستدرێژکاری ئەمریکا و هەروەها ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم کە رەوایەتییان دا بە هێرشکردنە سەر ئێران، پێویستە بزانن تاوەکو ئەو کاتەی ئێران تەواو دڵنیا نەبێت کە دووبارە هێرش ناکرێتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی، هیچ زانیارییەک بە سیخوڕ و دەستدرێژکاران نادرێت."
 
بڕیاربوو 15ـی حوزەیران ئێران و ئەمریکا بۆ گەڕی شەشەمی دانوستاندنەکان لە عومان کۆببنەوە، بەڵام لە 13ـی حوزەیراندا ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئێران و دانوستاندنەکان راگیران.
 
22ـی حوزەیران ئەمریکا هێرشی کردە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان؛ 25ـی حوزەیرانیش، دۆناڵد ترەمپ ئاگربەستی راگەیاند.
 
دوای ئاگربەست، بەرپرسانی ئێران و ئەمریکا ئامادەیی خۆیان بۆ دانوستاندن دەربڕیوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ بریارێک لەبارەی کات و شوێنی دانوستاندنەکە نەدراوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە