رووداو دیجیتاڵ
مشتومڕەکان لەسەر باڵاپۆشی لە ئێران بەردەوامن، دوای دوو ساڵ لە دەرچوونیشی، تائێستا یاساکەی جێبەجێ نەکراوە. بەشێک لە بەرپرسانی ئێران پێیانووایە جێبەجێنەکردنی یاساکە باشترە لە جێبەجێکردنی.
ئازەر مەنسووری، سەرۆکی بەرەی چاکسازی ئاماژە بەوە دەکات، پێداگری لەسەر هەڵەیەک کە بووەتە هۆی ناکۆکی و دواتر بەرخودانی مەدەنی لە کۆمەڵگەدا، ئێستاش کاری ژیرانە ئەوەیە رێگە بدەین کۆمەڵگە بەرەو هاوسەنگی لە نێوان داب و نەریتەکانیدا هەنگاو بنێت، چونکە لەوە زیاتر هیچ رێگەیەکی دیکە نییە و سوپاس بۆ خودا کە بەڕێز پزیشکیان پێشی بە جێبەجێکردنی ئەو یاسایە گرت."
یاسای باڵاپۆشی لە ئێران کە وەک "یاسای پاڵپشتیکردنی خێزان لە رێگەی برەودان بە کولتووری پاکداوێنی و باڵاپۆشی" دەناسرێت، لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە ئامادە کرابوو و مانگی ئەیلوولی 2023 لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە، بە هەندێک گۆڕانکارییەوە پەسند کرا، بەڵام ئەو کات ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور پەسندی نەکرد.
حوسین شەریعەتمەداری، نوێنەری خامنەیی و بناژۆخواز دەڵێت، "لادان لە باڵاپۆشی جگە لەوەی لە رووی شەرعەوە حەرامە، بەشێکی شەڕی دووژمنە لە دژی ئێران، بناخەی شەڕەکەش لە دەرەوە دانراوە. رێکخراوە سیخوڕییە بیانییەکان و هەندێک لایەنی ناوخۆیی لەو تێکدانەدا بەشدارن."
هەرچەندە یاسای باڵاپۆشی دواتر لە 19ـی تشرینی یەکەم 2024 لەلایەن ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوورەوە پەسندکرا، بەڵام نووسینگەی سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، حکومەت هەوڵ دەدات گۆڕانکاری تێدا بکات، بۆ ئەو مەبەستەش هەنگاو دەنێت بەرەو هەموارکردنەوەی یاساکە.
مەسعود پزیشکیان رایگەیاند: "من توانای جێبەجێکردنی وەها شتێکم نەبوو، من هەستم دەکرد ئەگەر ئەوە جێبەجێ بکرێ لە ناو کۆمەڵگە شەڕێک دروست بێت، کە من نەتوانم کۆنترۆڵی بکەم و منیش بڕیار نییە کارێک بکەم کە بگاتە ئەو ئاستە شەڕ لە ناو کۆمەڵگە و وڵات دروست بێت، من باوەڕم بە باڵاپۆشی هەیە و بنەماڵەکەم پابەندن پێی، بەڵام ئەوە بە مانای ئەوە نییە ئەگەر کەسێک باڵاپۆش نەبوو، کەسێکی خراپە."
پڕۆژەیاسای باڵاپۆشی دوای خۆپێشاندانەکانی ساڵی 2022 لەلایەن دەسەڵاتی دادوەریی ئێرانەوە ئامادە کرا، دواتر حکومەتی ئێران چەند بڕگەیەکی بۆ پڕۆژەیاساکە زیادکرد و ناردی بۆ پەرلەمان، لە پەرلەمانیش چەندین مادە و بڕگەی دیکەی بۆ زیادکرا.
بڕیار بوو یاساکە بۆ ماوەی سێ ساڵ وەک تاقیکردنەوە جێبەجێ بکرێت.
بەپێی یاساکە، ئەوانەی پابەندی باڵاپۆشی نەبن، سزای زیندانیکردن، پێبژاردن، قەدەخەی گەشتکردن بۆ دەرەوەی وڵات، قەدەخەی هەبوونی هەژمار بەناوی خۆیانەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، رێگەگرتنیان لە کارکردن و بێبەشکردن لە مافە کۆمەڵایەتییەکانیان بەسەردا دەسەپێنرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ