رووداو دیجیتاڵ
دژی زیادبوونی لەسێدارەدانی بەندکراوان، بەشێک لە بەندکراوانی گرتووخانەی قزلحەساری کەرەجی ئێران چوار رۆژە مانیان لە خواردن گرتووە، بەشێکیان لێوەکانیان دووریوەتەوە.
بەندکراوان لە هۆڵی دووی گرتووخانەکەن کە ژمارەیان چەند سەد کەسێکە، لە رۆژی دووشەممە، 13-10-2025ـەوە دژی زیادبوونی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان، مانیان لە خواردن گرتووە.
بەندکراوانی مانگرتوو لە پەیامێکدا کە لەنێو گرتووخانەوە بڵاویان کردووەتەوە، دەڵێن، نزیکەی هەزار و 500 کەس لە بەندکراوانی نێو گرتووخانەی قزلحەسار بە لەسێدارەدان سزادراون و داوا دەکەن، جێبەجێکردنی سزاکەیان رابگیرێت.
رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ڤیدیۆی مانگرتنی بەندکراوانی گرتووخانەی قزلحەساریان بڵاوکردووەتەوە و لە زاری بەندکراوانەوە رایانگەیاندووە، لیژنەیەک لەلایەن رێکخراوی گرتووخانەکانی ئێرانەوە رۆژی چوارشەممە سەردانی بەندکراوانی کردووە و داوای لێکردوون، مانگرتنەکەیان بشکێنن، بەڵام مانگرتووەکان رایانگەیاندووە، تاوەکو بەڵێنی راگرتنی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانیان پێ نەدرێ، واز لە مانگرتن ناهێنن.
سێ بەندکراوی کورد لە قزلحەسار لەسێدارەدران
ئەو مانگرتنە لە کاتێکدایە، بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە، 15-10-2025، سێ بەندکراوی کوردی خەڵکی کوویەشتی لوڕستان بە ناوەکانی سەجاد و مەجید حاتەمی و ئەمیرڕەزا قوبادی لە گرتووخانەی قزڵحەسار لەسێدارەدران.
ئەو سێ بەندکراوە پێشتر بە لەسێدارەدان حوکم درابوون و رۆژی دووشەممە بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەیان بۆ ژووری تاکەکەسیی گرتووخانەی قزڵحەسار گوێزرانەوە.
گرتووخانەی قزڵحەساری کەرەج گەورەترین گرتووخانەی ئێرانە. گرتووخانەکە دەکەوێتە پارێزگای ئەلبورز، بەڵام سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گرتووخانەکانی تارانە. گرتووخانەکە بۆ راگرتنی پێنج هەزار بەندکراو دروستکراوە، بەڵام بەپێی ئاماری نافەرمی، زیاتر لە 20 هەزار بەندکراوی تێدا راگیراوە.
لێبووردنی نیودەوڵەتی: ئەندامانی نەتەوەی یەکگرتووەکان گوشار بخەنە سەر ئێران
هەر ئەمڕۆ، رێکخراوی لێبووردنی نیودەوڵەتی راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا دەڵێت، پێویستە وڵاتانی ئەندامانی نەتەوە یەکگرتووەکان گوشار لە کۆماری ئیسلامیی ئێران بکەن بۆ ئەوەی سزای لەسێدارەدان رابگرێت.
ئەو رێکخراوە نێودەوڵەتییە رایگەیاندووە، چەندین ساڵە بەرپرسانی ئێران هەوڵ دەدەن لەسێدارەدانی سەتان کەس بە شتێکی ئاسایی پێشان بدەن، بەڵام ئەم شتە دڕندانەیە بەرامبەر بە مافی ژیان، نابێ ببێتە شتێکی ئاسایی.
لێبووردنی نێودەوڵەتی دەشڵێت، گیانی هەزاران کەسی دیکە لە گرتووخانەکانی ئێراندا لە مەترسیدایە و ئەم کاتە تاڵە پێویستی بە وەڵامی جددی و هەوئاهەنگیی نێودەوڵەتی هەیە.
ئەمنێستی داوا لە هەموو ئەندامانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات، بە بەیاننامەیەکی "روون و بەهێز" و بە گفتوگۆ لەگەڵ لیژنەی تایبەت بە ئێران، هەڵوێست بگرن، "داوا لە ئێران بکەن بەپەلە لەسێدارەدان رابگرێت و سزا سەپێندراوەکان هەڵبوەشێنێتەوە."
کۆتایی وەرزی هاوین رێکخراوەکە لە راپۆرتێکدا رایگەیاند، لە 9 مانگی ئەم ساڵدا ئێران زیاتر لە هەزار کەسی لەسێدارە داوە.
"هاوکاری لەگەڵ وڵات و گرووپە دژبەرەکان، سزاکەی سێدارەدانە"
رۆژی چوارشەممە 15/10/2025، سەرۆککۆماری ئێران یاسای تووندکردنی سزای سیخوڕیی خستە بواری جێبەجێکردنەوە. بەپێی ئەو یاسایە، هەر جۆرە هەنگاوێکی هاوکاریکردنی ئیسرائیل، ئەمریکا یان هەر وڵات و گرووپێکی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، سزاکەی لەسێدارەدانە.
یاساکە لە 23ی حوزەیرانی ئەم ساڵ لە پەرلەمانی ئێران پەسند کرابوو و ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووریش لە 1ی ئەم مانگەوە رەزامەندی لەسەردا.
مادەی یەکی یاساکە دەڵێت، هەر جۆرە چالاکییەکی هەواڵگری و سیخوڕی یان کردەوەی مەیدانی بۆ حکومەت و گرووپە دژبەرەکان سزای لەسێدارەدان و دەستبەسەرداگرتنی داراییەکانی بەدوادا دێت.
ئەمریکا و ئیسرائیلیش بە دوو وڵاتی دوژمنکار دانراون و ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران دەسەڵاتی ئەوەی پێدراوە، حکومەت و گرووپە دژبەرەکان دەستنیشان بکات. وەزارەتی هەواڵگری (ئیتلاعات)یش لە دیاریکردنی تۆڕە دژبەرەکانی ناوخۆیی بەرپرسیارە.
لە یاساکەدا هاتووە، لەمەودوا فڕینی هەموو جۆرە درۆنێک لە ئاسمانی ئێران قەدەخەیە و تەنیا درۆنە تۆمارکراوەکان لە سیستمێکی تایبەتدا رێگەپێدراون.
یاساکە دوای جەنگی 12 رۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل، لە لایەن پەرلەمانی ئێرانەوە ئامادە و پەسند کران. سەرەڕای کاردانەوە و ناڕەزایی زۆری چالاکانی مافی مرۆڤ، خرایە بواری جێبەجێکردنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ