رووداو دیجیتاڵ
لە 9 مانگی رابردوودا، یەک ملیۆن جار بۆ گاڵتەکردن و پێدانی زانیاریی هەڵە پەیوەندی بە هێڵی گەرمی فریاکەوتنی تەندروستیی ئێرانەوە کراوە.
بابەک یەکتاپەرست، گوتەبێژی رێکخراوی فریاکەوتنی تەندروستیی ئێران رایگەیاند، لە سەرەتای نەورۆزەوە تاوەکو کۆتایی پاییز یەک ملیۆن بێزارکردنی تەلەفۆنی و پێدانی زانیاری هەڵە بە فەرمانبەرانی هێڵی گەرمی فریاکەوتن تۆمار کراوە.
فەرمانبەرانی هێڵی گەرمی فریاکەوتنی ئێران بە میدیای فەرمیی ئەو وڵاتەیان راگەیاندووە، بەشێک لەوانەی پەیوەندی دەکەن زانیاریی هەڵەیان پێدەدەن و بێ ئەوەی پێویستییان بە فریاکەوتن هەبێت، داوای هاوکاری دەکەن، کاتێک تیمەکانیان دەگەنە ئەو ناونیشانەی پێیان دراوە دەزانن کە زانیارییەکان ناڕاستن. بەشێک لەوانەشی پەیوەندی دەکەن، فەرمانبەرانی هێڵی گەرمی ئورژانس بێزار دەکەن و بەو کارە هێڵەکە سەرقاڵ دەکەن.
گوتەبێژی رێکخراوی فریاکەوتنی تەندروستیی ئێران دەڵێت، پێدانی زانیاری ناڕاست لە کاتێکدایە، فریاکەوتنی ئەو وڵاتە کێشەی کەمیی ئەمبوڵانسی هەیە و هەندێکجار رووداوێک روودەدات یان کەسێک پێویستی بە هاوکاری هەیە، بەڵام ئەمبوڵانس و تیمی فریاکەوتنی ئامادەیان نییە رەوانەی بکەن. دەشڵێت، لە هەر دوو تەلەفۆن کە زانیاری هەڵەیان پێداون، یەکجار ئەمبوڵانس و تیمی فریاکەوتن رەوانە کراوە.
بەپێی یاسای سزادانی ئێران، هەر کەسێک لە رێگەی تەلەفۆن یان ئامێری دیکەی پەیوەندییەوە، خەڵکی دیکە بێزار بکات، بە 15 رۆژ تاوەکو سێ مانگ بەندکردن سزا دەدرێت، بەڵام بەشی زۆری ئەوانەی بەهۆی بێزارکردنی تەلەفۆنی دەدرێنە دادگە بە پێبژاردن سزا دەدرێن.
جەعفەر میعادفەر، سەرۆکی رێکخراوی فریاکەوتنی ئێران دەڵێت، ئەو سزایانە نەیانتوانیوە پێش بە بێزارکردن و پێدانی زانیاری هەڵە بە فریاکەوتن بگرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ