رووداو دیججیتاڵ
بەڕێوەبەری ناوەندی دانیشتووانی ئێران دەڵێ: "ئەگەر دۆخی منداڵبوون و وەچەخستنەوە وەک ئێستا بەردەوام بێت، دەکرێ ژمارەی دانیشتووانی ئێران لە 75 ساڵی داهاتوودا لە 90 ملیۆنەوە بۆ نزیکەی 31 ملیۆن کەس کەم بێتەوە."
مەرزەییە وەحید دەستجەردی، بەڕێوەبەری ناوەندی دانیشتووانی ئێران، ئەمڕۆ 17ی ئایاری 2026 بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند: "وەچەخستنەوە لە ئێراندا بۆ خوار 1.5 دابەزیوە، لەکاتێکدا دەبێت 2.1 بێت ( بۆ هەر ژنێک) بۆ ئەوەی ژمارەی دانیشتووان لە درێژخایەندا جێگیر بێ."
دەستجێردی گوتیشی: "لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن کە هاوژینە ئێرانییەکان حەزدەکەن تێکڕا دوو منداڵ و نیویان هەبێت، کە ئەمەش لە سەرووی ئەو ئاستەوەیە بۆ جێگیربوونی ژمارەی دانیشتووان وەک ئێستا پێویستە، بەڵام بوونی هەندێک ئاستەنگی ئابووری و کۆمەڵایەتی رێگرە لەوەی ئەم خواستەیان لە کرداردا جێبەجێ بێت."
سەبارەت بە ئامارەکانی لەدایکبوون، دەستجەردی ئاماژەی بەوە کرد کە لە نیسانی 2026دا نزیکەی 61 هەزار و 995 ژن منداڵیان بووە کە 63 هەزار و 535 منداڵ لەدایکبوون.
مەرزەییە وەحید دەستجەردی باسی لەوە کرد، ئاماری لەدایکبوون رووی لە کەمبوونەوەیە و بەشێکیش لە هۆکاری ئەوە بۆ دۆخی تایبەتی خێزانەکان دەگەڕێتەوە و گوتی: "ئەزموونی دوو جەنگ لە ساڵی رابردوودا کاریگەری لەسەر رێژەی لەدایکبوون هەبووە".
دەستجەردی گوتیشی: "هاندان بۆ پێکهێنانی ژیانی هاوژینی گرنگترین رێگەیە بۆ زیادکردنی منداڵ".
لە چەند رۆژی رابردوودا عەلی رەزا رەئیسی، جێگری وەزیری تەندروستیی ئێران رایگەیاند کە "رێژەی لەدایکبوون لە یەک ساڵدا تێکڕا 7.1% کەمی کردووە."
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی ئێران، ئاماری ژمارەی لەدایکبووان لە دوو ساڵی رابردوودا بەم شێوەیە بووە:
- لە 21-03-2024 تاوەکو 21-03-2025: 973 هەزار منداڵ لەدایکبوون.
- لە 21-03-2025 تاوەکو 21-03-2026: 892 هەزار و 268 منداڵ لەدایکبوون
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ