رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی حکومەتی ئازەربایجان دەڵێ، لە رۆژی هەینییەوە زیاتر لە 600 هاووڵاتیی بیانی لە ئێرانەوە چوونەتە نێو وڵاتەکەی.
بەرپرسە حکومییەکە رۆژی سێشەممە بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت، "لەوەتەی گرژییە سەربازییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران دەستیان پێکردووە، زیاتر لە 600 هاووڵاتیی 17 وڵات لە رێگەی ئازەربایجانەوە ئێرانیان جێهێشتووە."
بەرپرسەکە گوتی، ئەو کەسانەی ئێرانیان جێهێشتووە و لە رێگەی دەروازەی سنووریی ئاستارا لە کەناری دەریای قەزوینەوە پەڕیونەتەوە، لەوێوە دەگوازرێنەوە بۆ فڕۆکەخانەی باکۆ و "دواتر لە رێگەی گەشتە نێودەوڵەتییەکانەوە بە فڕۆکە دەگەڕێندرێنەوە بۆ وڵاتەکانیان."
لەنێو ئەو کەسانەدا هاووڵاتییانی رووسیا، بیلاڕووس، کازاخستان، تاجیکستان، ئۆزبەکستان، ئەڵمانیا، ئیسپانیا، ئیتاڵیا، سربیا، رۆمانیا، پۆرتوگال، ئەمریکا، ئیمارات، چین و ڤێتنام هەن.
هاوکات بەرپرسانی تورکمانستان دەڵێن، رێگەیان داوە بە تێپەڕبوونی نزیکەی 120 کەس کە لە ئێرانەوە دەرچوون بەنێو خاکەکەیاندا کە زۆربەیان هاووڵاتیی وڵاتانی ئاسیای نێوەڕاست بوون.
ئیسرائیل لە رۆژی هەینییەوە دەستی بە هێرش بۆسەر ئێران کردووە و دەڵێت، ئامانجی رێگریکردنە لەوەی تاران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی؛ ئامانجێک کە ئێران رەتی دەکاتەوە کاری بۆ بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ