ئێران تومەتبارێک دووجار لە سێدارە دەدات

17-10-2013
ئاسۆ فیشەگی
نیشانەکردن ئێران لەسێدارەدان
A+ A-
رووداو- BBC

رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی رایگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە ئێران لە سێدارەدراون دەگاتە زیاتر لە 500 کەس، هاوکات داوای ئازادکردنی تومەتبارێکی ئێرانی کرد، کە پێشتر لە سێدارەدراوە، بەڵام گیانی لەدەست نەداوە.

عەلی رەزا، بە تۆمەتی قاچاخچێتی بە ماددە هۆشبەرەکانەوە هەفتەی رابردوو لە بەندیخانەی شاری بنجودی باکووری رۆژئاوای ئێران لە سێدارە درا و پاشان لە هۆبەی پزیشکی دادوەری زانرا، کە هێشتا زیندووەو گیانی لەدەست نەداوە.

BBC لە زاری بەرپرسێکی ئێرانی لە بارەی ئەو تۆمەتبارەوە گواستیەوە: "ئێستا تاوانبارەکە چارەسەری پزیشکی وەردەگرێ وەک ئامادەکاری بۆ دووبارە لە سێدارەدانەوەی، چونکە ئەو بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو‌ەو دەبێ هەر لە سێدارە بدرێ".

رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ پێیانوایە، ئێران پاش چین لە پلەی دووەم دێت، لە ریزبەندی ئەو وڵاتانەی زۆرترین سزای لەسێدارەدان لە دژی تۆمەتباران بە دەستدرێژی سێکسی و سیخوڕی و قاچاخچێتی بە ماددە هۆشبەرەکانەوە جێبەجێ دەکەن.

هاوکات رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی رایگەیاند "لە سەرەتای ساڵی 2013وە تائێستا 508 کەس لە ئێران لەسێدارە دراون".

فیلیپ لۆسەر، بەڕێوەبەری بەرنامەی رۆژهەڵاتی ناوەراست و باکووری ئەفریقا لە رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی رایگەیاند: "رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی داوا لە ئێران دەکات ئەو تۆمەتبارە دووبارە لە سێدارە نەدات و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان رابگرێ".

گوتیشی "ئەگەرێکی دڵتەزێن لەئارادایە بەوەی دەکرێ عەلی رەزا پاش ئەوەی بەو نەهامەتییە ترسناکە تێپەربوو دووبارە لەسێدارە بدرێتەوە، ئەو چیرۆکەش سەختی و نامرۆڤانەی سزای مردنمان بیردێنێتەوە".

ئەمە لەکاتێکدایە لە رووداوێکی دیکە کەسوکاری تومەتبارێک لە ئێران، کە بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە هەوڵیاندا بە رێگەی بۆمبێکی دەستییەوە رێگە لە لەسێدارەدانی بگرن و سەرەڕای برینداربوونی 30 کەس لە هێرشەکە، بەڵام لە کۆتاییدا تۆمەتبارەکە لەسێدارە درا.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە