رووداو دیجیتاڵ
ئەسکەندەر پاسالار، قایمقامی عەسلەویە داوای لە دانیشتووانی ئەم شارەی باشووری ئێران کرد نیگەرانی ئەم چڕە دووکەڵە نەبن، کە ئاسمانی ناوچەکەی داپۆشیوە.
بەگوتەی پاسالار: "تائێستا تەنۆلکەی ژەهراوی بڵاونەبووەتەوە و دووکەڵەکە بەهۆی سووتانی بەرهەمە نەوتییەکان و هایدرۆکاربۆنە".
دوانیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە، 18ـی ئاداری 2026، هێرش کرایە سەر دامەزراوەی نەوتی پارسی باشوور لە شاری عەسلەویە لە کەناراوەکانی کەنداو.
بەگوتەی وەزارەتی نەوتی ئێران وێستگەکانی 3،4،5 و 6ی پارسی باشوور ئاگریان گرتووە و بۆ تەشەنە نەسەندنی ئاگرەکە، هەر چوار وێستگە لەکار وەستان.
رێکخراوی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ناکارا، کە سەر بە فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئێرانە و ئەرکی کەمکردنەوەی زیانەکانی هێرش بۆ سەر ژێرخانەکان، کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانەکانە دوای هێرش، لە راگەیێندراوێکدا داوای لە خەڵک کرد لە دامەزراوە نەوتییەکان دووربکەونەوە بەڵام جەختی کردەوە؛ "دۆخەکە لەژێر کۆنتڕۆڵە و پێویست بە چۆڵکردنی شارەکە ناکات".
دوای هێرشەکە، دەنگۆی بڵاوبوونەوەی گازە ژەهراوییەکان بڵاوبووەوە، بەڵام هەر زوو مانگی سووری پارێزگای بوشێهر رەتیکردەوە داوای چۆڵکردنی ناوچەکەی کردبێت.
دوای هێرشەکان، قەرارگەی خاتم ئەنبیا رایگەیاند: "بە تووندی تۆڵەی هێرشکردنە سەر عەسلەویە دەکەینەوە".
شاری عەسلەویە سەر بە پاێزگای بوشێهرە لە کەناراوەکانی کەنداو و یەکێک لە گەورەترین کۆمپانیاکانی وزەی ئێران بەناوی (پارسی باشوور) لەوێ هەڵکەوتووە، کە ئەرکی دەرهێنان و هەناردەی نەوت و گازە لە ناوچە ئاوییەکانی ئێران و ناوچە ئاوییەکانی هاوبەشی نێوان ئێران و قەتەر.