رووداو دیجیتاڵ
ههر له تاران، پاشنيوهڕۆى ئهمڕۆ يهكشهممه نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، له ديدارێكدا لەگەڵ عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، پەیوەندیى دوولايهنه و چۆنیەتيی پەرەپێدانی هاوکاریی هاوبهشيان له بواره جیاجياكاندا، تاوتوێ كرد.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکە، لە پۆستێکی تۆڕی ئێکس رایگەیاند: "خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ دیدارێکی بەرهەمدارم لەگەڵ جەنابی بەڕێز دکتۆر عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران هەبوو. لەم دیدارەدا بیروڕامان لەسەر پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لەسەر بنەمای دراوسێیەتی باش و بەرژەوەندی هاوبەش ئاڵوگۆڕ کرد، هەروەها جەختمان لە گرنگیی ئاڵوگۆڕی بیروڕا و لێکتێگەیشتن کردەوە بۆ پاراستنی سەقامگیری و ئارامی ناوچەکە، بە جۆرێک ئەو هەوڵانە لەگەڵ دەستەبەرکردنی بەرژەوەندیی گەلان و وڵاتانی ناوچەکە هاوتەریب بن."
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەو بارەیەوە رایگەیاند: "ههردوولا ستايشى پەیوەندییە دێرينهكانى نێوان ئێران و ههرێمى كوردستانيان كرد و جەختيان لەسەر خواستی دوولايهنه بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییهكان کردەووە به شێوهيهك خزمەت بە سەقامگیری و بەرژەوەندییە هاوبەشەکانى ئێران و عێراق به ههرێمى كوردستانهوه بکات."
تاوتوێكردنى دۆخى ناوچهكه بهگشتى تهوهرێكى ديكهى ديدارهكه بوو، "تيايدا داكۆکييان لەسەر گرنگيی گفتوگۆ بۆ دوورخستنهى ناوچهكه له كێشه و ئاڵۆزى كردهوه."
دوێنێ شەممە، 17ـی ئایاری 2025، نێچیرڤان بارزانی بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران و ئەمڕۆ یەکشەممە بەشداریی لە کۆڕبەندی دیداری تاران دا کرد و لە پانێلێکدا قسەی لەسەر دۆخی ناوچەکە و پەیوەندیی هەولێر و بەغدا و هەولێر و تاران کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ