رووداو دیجیتاڵ
میدیای نزیک لە سوپای پاسداران دەڵێ، هێزێکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) هێرشی کردوەتە سەر کانێک لە سنووری شاری سەقزی پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان.
ئەمڕۆ دووشەممە 18-5-2026 ئاژانسی هەواڵی (فارس)ی نزیک لە سوپای پاسداران بڵاویکردەوە، دوروبەری کاژێر 1:00ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، هێزێکی پژاک بە سێ ئۆتۆمبێل هێرشی کردووەتە سەر کانی (مێرگە نەخشینە)ی سەقز.
وەک (فارس نیووز) دەڵێ، یەکەمجار گەریلاکان "دەست و پێی دوو پاسەوانی کانەکەیان بەستوەتەوە، ئامێرە تەلەفۆنییەکانیان کوژاندووەتەوە و دواتر دەستیان بە سووتاندنی کەرەستەکانی نێو کانەکە کردووە".
بە گوێرەی (فارس نیووز)، زانیارییە سەرەتاییەکان ئاماژە بە سووتاندنی بیلدۆزەرێک، شۆفڵێک و چوار کابینەی پلاستیکی دەکەن کە کەرەستە و پێداویستیی تەکنیکی و یەدەگ و موەلیدەی تێدا بووە و زیانیان بەرکەوتووە.
ئاژانسی هەواڵی (فارس نیووز) دەڵێ، ئامانجی گرووپەکە وەرگرتنی باج بووە لە رێگەی بارمتەگرتنی پاسەوانەکانەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، هێزەکانی "دژە شۆڕش بەئامانجی رێگری لە گەشەسەندنی ئابووری و دەرفەتی کار لە ناوچە سنوورییەکان، ژێرخانە سەرەکییەکان دەکەنە ئامانج".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ