رووداو دیجیتاڵ
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران رایدەگەیێنێت، وڵاتەکەی بە پاراستنی "کەرامەت و سەروەری" دەچێتە نێو هەر دانوستاندنێک و دەشڵێت: "دانوستاندن بە مانای خۆبەدەستەوەدان نییە."
ئەمڕۆ دووشەممە، 18ـی ئایاری 2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (X) رایگەیاند: "کۆماری ئیسلامیی ئێران بە پاراستنی کەرامەت، سەروەری و پاراستنی مافەکانی نەتەوەکەی دەچێتە ناو دانوستاندن؛ ئێمە بە هیچ شێوەیەک لە مافە یاساییەکانی گەل و وڵات پاشەکشە ناکەین."
پزیشکیان جەختی لەوەش کردەوە کە ئەوان بە "لۆژیک" و بە هەموو توانایانەوە بەرژەوەندی و کەرامەتی ئێران دەپارێزن و خزمەتی گەلەکەیان دەکەن.
ئەم لێدوانەی پزیشکیان لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریی تووندی ئاراستەی تاران کردووە. ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی (ئەکسیۆس) رایگەیاندووە: "خەریکە کاتی ئێران تەواو دەبێت" و هەڕەشەی ئەوەی کردووە، ئەگەر تاران مەرجەکانی نەگۆڕێت، ئەوا "زۆر خراپتر لێیان دەدرێت."
هەروەها ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ترووس سۆشیاڵ) داوای لە سەرکردایەتیی ئێران کردووە پەلە بکەن لە پەسندکردنی پێشنیازی ئەمریکا بۆ رێککەوتنی ئاشتی و نووسیویەتی: "ئەگەرنا هیچیان لێ نامێنێت."
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کردووە کە واشنتن چاوەڕێی پێشنیازێکی نوێیە لە تاران، کە دەبێت لەو پێشنیازەی چەند رۆژ لەمەوبەر خرایەڕوو، "باشتر بێت."
هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن و کۆتاییهێنان بە جەنگ بەردەوامن. رۆژانی شەممە و یەکشەممە، وەزیری ناوخۆی پاکستان لە تاران بوو بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران.
هەروەها رۆژی یەکشەممە، محەممەد بن عەبدولرەحمان ئال سانی، سەرۆکوەزیرانی قەتەر لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هاوتا پاکستانییەکەی و وەزیری دەرەوەی ئێران، دوایین پەرەسەندنەکانی ناوچەکە و دەرفەتەکانی ڕێککەوتنیان تاوتوێ کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ