وەزارەتی تەکنەلۆژیا و پەیوەندییەکانی ئێران: تۆڕی ئینتەرنێتی نێودەوڵەتی سنووردار دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی تەکنەلۆژیا و پەیوەندییەکانی ئێران دەڵێت، تۆڕی ئینتەرنێتی نێودەوڵەتی بۆ ماوەیەکی کاتیی سنووردار دەکرێت.
رۆژی چوارشەممە، 18ی 2025، وەزارەتی تەکنەلوژیا و پەیوەندییەکانی ئێران رایگەیاند، "بەهۆی خراپ بە کارهێنانی تۆڕی پەیوەندییەکانیی وڵات لەلایەن دەستدرێژکارانەوە بۆ مەبەستی سەربازی و هەڕەشەکردن لە ژیان و ماڵی خەڵک، بە بڕیاری لایەنە پەیوەندیدارەکان بە شێوەیەکی کاتی دەست گەیشتن بە ئینتەرنێت بۆ کارهێنەران سنووردار کرا."
وەزارەتەکە دەڵێت: "دەستگەیشتن بە خزمەتگوزارییەکانی پەیوەندیی گشتی و پلاتفۆرمە خزمەتگوزارییە نێوخۆییەکان بەردەوام دەبێت."
ئەوە لە کاتێکدایە دوێنی سێشەممە کەناڵی دووی دامەزراوەی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران بڵاویکردەوە، وەتسئەپ و ئینستاگرام خەریکە زانیاری تاکە کەسی و زانیاری لە سەر شوێنی مانەوەی هاووڵاتییان بۆ ئیسرائیل کۆدەکاتەوە.
ئەو کەناڵە داوا لە خەڵک کرد ئەو دوو ئەپڵیکەیشنە بەکارنەهێنن و لە سەر مۆبایلەکانیشیان رەشی بکەنەوە یان لانیکەم ئەم ماوەیە بەهیچ جۆرێک بەکاریان نەهێنن.
هەر دوێنێ بو بڕیاری ناوەندی فەرماندەیی ئاسایشی ئەلیکترۆنیی ئێران، بەکارهێنانی هەر جۆرە ئامێرێکی ئەلیکترۆنی لە بەرپرسانی ئەو وڵاتە و پاسەوانەکانیان قەدەخە کرد.
ئەو بڕیارە دوای ئەوە هات، یەحیەئیل لیتەر، باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی مێریتی ئیسرائیلی رایگەیاند: "شەوانی پێنجشەممە و هەینی شتی حەپەسێنەر روودەدەن".
بە گوتەی باڵیۆزی ئیسرائیل، "هەژەندەکە بە جۆرێک گەورە دەبێت کە ئۆپەراسیۆنی [تەقاندنەوەی] پەیجەر و بێتەلەکان لەچاویدا هیچ نابێت".
ئۆپەراسیۆنی پەیجەر ئاماژەیە بە تەقاندنەوەی ئامێرەکانی پەیوەندیی حیزبوڵڵای لوبنان لە ئەیلوولی 2024 کە بووە هۆی کوژرانی 37 کەس و برینداربوونی نزیکەی 3000 کەسی دیکە.