ئیسرائیل بۆ یەکەمجار هێرشە ئاسمانییەکانی گەیاندە باکووری ئێران و بەندەری ئەنزەلی بۆردوومان کرا
رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل درەنگی شەوی چوارشەممە رایگەیاند، بۆ یەکەمجار لە دەستپێکی جەنگ لە 28ـی شوباتەوە، هێرشی ئاسمانییان کردووەتە سەر ئامانجە سەربازییەکانی باکووری ئێران.
بەپێی راگەیێندراوی سوپای ئیسرائیل، هێزی ئاسمانیی وڵاتەکە بە پشتبەستن بە زانیارییە هەواڵگرییەکانی هێزی دەریایی و سوپا، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی (نەڕەی شێر) چەندین ئامانجیان لە باکووری ئێران پێکاوە. ئەمە یەکەمجارە ئیسرائیل بەم شێوەیە قوڵایی باکووری خاکی ئێران بکاتە ئامانج.
میدیای ئیسرائیل رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکان کەشتییە سەربازییەکانی هێزی دەریایی ئێرانیان لە شاری (بەندەری ئەنزەلی) بۆردومان کردووە، کە دەکەوێتە سەر کەناراوەکانی دەریای قەزوین.
ئەم هێرشە نوێیە لە کاتێکدایە کە جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەراست، کە بە هێرشی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستی پێکرد، رۆژ بە رۆژ فراوانتر دەبێت و ئێستا زۆربەی ناوچە ستراتیژییەکانی ئێرانی گرتووەتەوە. تاوەکو ئێستا تاران هیچ زانیارییەکی فەرمیی لەسەر قەبارەی زیانەکانی ئەم هێرشەی سەر باکووری وڵاتەکەی بڵاونەکردووەتەوە.