قەرارگەی خاتەمولئەنبیای ئێران بۆ ئەمریکا: دەستمان لەسەر پەلەپیتکەیە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ژیلا ئەسعەد
ژیلا ئەسعەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەی قەرارگەی خاتەمولئەنبیای ئێران هۆشدارییەکی تووند دەداتە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی و رایدەگەیێنێت، هێزە چەکدارەکانی ئێران لە هەموو کاتێک ئامادەترن و هەر هەڵەیەکی ستراتیژیی نوێ، وەڵامێکی "سەخت و فراوان"ی دەبێت.
 
رۆژی سێشەممە، 19ی ئایاری 2026 ، عەلی عەبدوڵڵاھی، فەرماندەی قەرارگەی خاتەمولئەنبیای ئێران رایگەیاند: "بە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەڵێین کە جارێکی دیکە تووشی هەڵەی ستراتیژی و هەڵەی لێکدانەوە نەبن بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران."
 
عەلی عەبدوڵڵاھی گوتی: "هێزە چەکدارەکانی ئێران لەوپەڕی ئامادەییدان و دووژمنان دەبێت بزانن کە ئێران و هێزە چەکدارەکانی لە رابردوو ئامادەتر و بەهێزترن و دەستیان لەسەر پەلەپیتکەیە؛ هەر جۆرە دەستدرێژی و بەزاندنی سنوورێکی وڵاتەکەمان، بە وەڵامێکی خێرا، یەکلاکەرەوە، بەهێز و فراوانی دەبێت."
 
عەلی عەبدوڵڵاھی، ئامااژەی بە توانای هێزە چەکدارەکانی ئێران کرد و گوتی: "ئێمە بە ئیرادەیەکی خوداییەوە سەلماندوومانە کە هێز و توانای خۆمان لە مەیدانی کردەودا نیشانی دووژمنان دەدەین، هەروەها هۆشداریی دا کە ئەگەر "هەڵەیەکی دیکە" لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بکرێت، ئەوا وەڵامی ئێران زۆر لەوە بەهێزتر دەبێت کە لە کاتی جەنگی (رەمەزان)دا هەیبووە و گوتیشی: "بە هەموو توانامانەوە بەرگری لە مافەکانی گەلی ئێران دەکەین و دەستی هەر دەستدرێژیکارێک دەبڕین."
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بڕیاریان دابوو سبەی سێشەممە، هێرشی سەربازی گەورە و فراوان بکەنە سەر ئێران، بەڵام لەسەر داوای سەرکردەکانی قەتەر، سعودیە و ئیمارات هێرشەکەی راگرتووە. لەگەڵ ئەوەشدا هۆشداری دەدات کە ئەگەر نەگەنە رێککەوتن، لە هەر ساتێکدا بێت هێرشە گەورەکە دەستپێدەکەن.
 
جەنگەکە 28ی شوبات بە هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستی پێکرد. لە 8ی نیسانەوە ئاگربەست راگەیێندراوە، بەڵام ئێران گەمارۆی خستووەتە سەر تەنگەی هورمز و ئەمریکاش وەک تۆڵەیەک، بەندەرەکانی ئێرانی ئابلووقە داوە. 
 
تاکو ئێستا چەندنین پەیام لە رێگەی پاکستانەوە لە نێوان ئێران و ئەمریکا ئاڵوگۆڕ کراوە، بەڵام هێشتا گەڕی دووەمی دانوستاندنی دوای جەنگە 40 رۆژێکە لە نێوان ئەو دوو وڵاتە نەکراوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە