رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی بۆ هەموو سیناریۆیەک ئامادەیە و هۆشداری دەداتە ئەمریکا، کە "هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر ئێران بە جیدی وەڵام دەدەرێتەوە."
رۆژی سێشەممە، 19ـی ئایاری 2026، ئیبراهیم رەزایی، گوتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران، لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "ئەمریکاییەکان یان دەبێت لە بەرامبەر دیپلۆماسی و مەرجەکانی ئێمەدا خۆیان بەدەستەوە بدەن، یان لە بەرامبەر هێزی مووشەکەکانماندا بوەستنەوە."
سەبارەت بە گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە ئاوە نێودەوڵەتییەکان و پرسی گەرووی هورمز، رەزایی ئاماژەی بەوە کرد کە مێژووی تەنگەکە هەرگیز ناگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێشوو و گوتی: "هیچ دەسەڵاتێک بەبێ رەزامەندی ئێمە ناتوانێت بیکاتەوە."
گوتەبێژەکەی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی ئاشکراشی کرد، پەرلەمانی ئێران کار لەسەر پڕۆژەیاسایەکی نوێ دەکات بۆ بەڕێوەبردنی تەنگەی هورمز و رایگەیاند: "چوارچێوەیەکی یاسایی نوێ جێبەجێ دەکەین، کە لەلایەن پەرلەمانەوە پەسند دەکرێت؛ لە چوارچێوەی ئەم یاسایەشدا، رێگە بە کەشتییەکانی دووژمن نادرێت لە تەنگەکەوە تێپەڕن."
ئەم لێدوانانەی بەرپرسەکەی ئێران لەکاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندبوو کە بڕیار بوو ئەمڕۆ سێشەممە هێرشێکی سەربازیی گەورە و بەرفراوان بکەنە سەر ئێران، بەڵام "لەسەر داوای سەرکردەکانی قەتەر، سعودیە و ئیمارات" هێرشەکەی راگرتووە. ترەمپ هاوکات هۆشداریشی داوە کە ئەگەر نەگەنە رێککەوتن، لە هەر ساتێکدا بێت هێرشە گەورەکە دەستپێدەکەن.
گرژییە سەربازییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە 28ـی شوباتی ئەم ساڵەوە بە هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد. هەرچەندە لە 8ـی نیسانەوە ئاگربەست راگەیێندراوە، بەڵام ئێران گەمارۆی خستووەتە سەر تەنگەی هورمز و ئەمریکاش وەک کاردانەوە، بەندەرەکانی ئێرانی ئابلووقە داوە.
بەکارهێنانی تەنگەی هورمز وەک کارتی گوشار لە لایەن تارانەوە، کە رێڕەوی دەربازبوونی یەک لەسەر پێنجی وزەی جیهانە، دۆناڵد ترەمپی رووبەڕووی گوشارێکی ناوخۆیی زۆر کردووەتەوە؛ بەو پێیەی بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و ناڕەزایەتیی دەنگدەرانی ئەمریکی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ